رووداو دیجیتاڵ
لویس سوارێز، ئەفسانەی تۆپی پێی ئۆرۆگوای و سۆفیا بالبیی هاوژینەکەی نزیکەی 20 کاژێر لە دەرەوە دەمێننەوە تاوەکو بتوانن پیاوێکی تەمەن 49 ساڵانی ئۆرۆگوایی لە خۆکوشتن پاشگەز بکەنەوە.
ئێستا لە وڵاتەکەی دووجار وەک پاڵەوانێکی نیشتیمانی سەیر دەکرێت و لەو وڵاتە ئێستا باس باسی سوارێزە، دوای ئەوەی توانی پیاوێک لە خۆکوشتن رزگاربکات.
ئۆرۆگواییەکان، لویس سوارێزیان زۆر خۆش دەوێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی ساڵانێکی زۆر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای پێشکەشی کردووە و بەهۆی ئەوەی بۆ یانە گەورەکانی وەک لیڤەرپوول، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری کردووە، بەڵام ئێستا خۆشەویستی لویزیتۆ لای ئۆرۆگواییەکان زیاتر بووە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگاش رۆڵێکی پاڵەوانانەی بینی، وەک ئەوەی میدیای ئۆرۆگوای وەسفیان کردووە.
میدیای ئەو وڵاتە باسی بەسەرهاتێکی لویس سوارێزی یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دەکەن، کە دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، خۆی و هاوژینەکەی، کە بە گەشتێک چوونەتە دەرەوە، لە شوێنێک تووشی پیاوێک بوونە کە چووەتە سەر دارێک، کە بەرزاییەکەی 6 مەتر بووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر هاوژینە تەمەن 53 ساڵییەکەی دەرنەکەوێت و نەیێتە لای خۆی، لەسەر دارەکە خۆی بەردەداتەوە سەرزەوی و خۆی دەکوژێت.
میدیای ئۆرۆگوای باس لەوە دەکات، کە سوارێز و هاوژینەکەی، خۆیان لەو رووداو بەدوور نەگرتووە و بەئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانییان زانیوە ئەو هاونیشتیمانیەیان رزگار بکەن.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "سوارێز و هاوژینەکەی دوای ماوەیەکی درێژ قسەکردن لەگەڵ پیاوەکە، توانیویانە رازی بکەن لە دارەکە بێتە خوارەوە و لە خۆکوشتن پەشیمان ببێتەوە".
ئەوەی زۆر سەیرە و میدیا و دەستەڵاتداران و هاوڵاتیانی ئۆرۆگوای زیاتر سەرسام کردووە بە سوارێز و هاوژینەکەی ئەوەیە، کە دەڵێن، سوارێز و هاوژینەکەی نزیکەی 20 کاژێر هەوڵیان لەگەڵ ئەو پیاوە تەمەن 49 ساڵانە داوە، قسەیان لەگەڵدا کردووە، هانیانداوە ئەو کارە نەکات، تاوەکو توانیویانە رازی بکەن لە دارەکە بێتە خوارەوە".
هەموو رۆژنامەکانی ئۆرۆگوای پەسنی ئەو کارەی سوارێز و هاوژینەکەیان داوە و بە "پاڵەوانی نیشتیمانی"ـی ئۆرۆگوای وەسفیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ