رووداو دیجیتاڵ
شەشەم گەڕی بۆندیسلیگا دەستپێدەکات و تا دێت رکابەرییەکە سەختتر دەبێت، شتوتگارت بەبێ دێنیز ئونداڤ رووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە.
بۆندیسلیگا بە وەرزێکی تایبەت و پڕ رکابەریدا دەڕوات، یانەکانی ریزبەندیی پێشەوەی خولەکە لە رکابەرییەکی بەهێزدان و خاڵەکانیان لەیەکەوە نزیکە.
بۆرووسیا دۆرتموند دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی یونیۆن بەرلین دۆڕا، ئەم گەڕە لە یاریگەی خۆی بەرامبەر سانت پاولی یەکەم یاری هەفتەی حەوتەم ئەنجام دەدات، ئەو یانەیە سەرەڕای پێکانەکان، چاویان لە سێ خاڵی یارییەکەیە، هەر یەکە لە کەریم ئادیێمی، یان کوتۆ، جیۆڤانی رینا و دورانڤیڵ لەبەر پێکان لە یارییەکە دوورخراونەتەوە، جولیان ریێرسۆن، ماکسیمیلیان بایەر و نیکلاس زولە گومان لەسەر بەشداریکردنیان هەیە.
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمی بۆندیسلیگا دێت
لە بەرامبەردا سانت پاولی کە وەرزی رابردوو لە خولی پلەی دووی ئەڵمانیاوە سەرکەوتە بۆندیسلیگا، لەم وەرزە لە شەش یارییدا چوار خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی 15می خولەکە دێت.
لە یارییەکی دیکەدا، بایرلیڤەرکوزن میوانداریی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت دەکات، لیڤەرکوزن تاوەکو ئێستا ئاستی وەکو وەرزی رابردوو نەبووە، ئەو یانەیە لە پلەی پێنجەمی بۆندیسلیگا دێت و 11 خاڵی کۆکردووەتەوە، یانەکە لەم یارییە سەختەدا لە تواناکانی فلۆریان ڤێرتز بێبەش دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دێت، لە کۆی شەش یاریدا 13 خاڵی کۆکردووەتەوە، ئەو یانەیە هەفتەی رابردوو لە یارییەکی دراماتیکیدا توانی خاڵێک لە بایرن میونشن بکاتەوە و بە ئەنجامی 3-3 یەکسانبێت لەگەڵی، بۆ ئەم یارییە یانەکە بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت لە تواناکانی رۆبین کۆخی بەرگریکاری یانەکە، ئەستێرەی یانەکە، عومەر مەرمووش گۆڵکاری بۆندیسلیگایە و بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی شۆککردووە.
لایپزیگ دەیەوێت لە رکابەریی بایرن میونشن بەردەوام بێت، ئەو یانەیە بە 14 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمی بۆندیسلیگا دێت، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات کاتێک رووبەڕووی ماینز دەبێتەوە، یانەکە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی هەردوو باڵە بەرگرییە سەرەکییەکانی بێبەش دەبێت، داڤید راوم و بێنجامین هێنریکس بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە دوورخراونەتەوە، کێڤین کامپڵ و خاڤیێر شلاگەریش لە یارییەکە ئامادە نابن.
یانەی ماینزیش لەلایەکی دیکەوە لە ریزبەندی 10می خولەکە دێت بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ، لە دوایین چوار یاریدا ماینز بەرامبەر لایپزیگ نەدۆڕاوە، یانەکە لەم یارییە لە تواناکانی ناوەڕاستکاری خۆی، دۆمینیک کۆهر بێبەش دەبێت لەبەر کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان.
بایرن میونشن لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە کاتێک رووبەڕووی شتوتگارت دەبێتەوە، یانەکە سێ یارییە لەسەر یەک نەیتوانیوە براوە بێت، ڤینسینت کۆمپانی دەیەوێت لە رێگەی ئەم یارییەوە دووبارە بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان، یانەکە بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی یەکەمی خولەکە دێت و بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ، بەڵام بایرن لەم یارییەدا بێبەش دەبێت لە تواناکانی، دایۆت ئوپامیکانۆ، جەمال موسیالا، ساچا بۆیی، هیرۆکی ئیتۆ و جۆسێپ ستانیسیچ.
لە لایەکی دیکەوە یانەی شتوتگارت بە بەدەستهێنانی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی بۆندیسلیگا دێت، یانەکە بە چاوی لەوەیە برینەکانی بایرن میونشن قوڵتر بکات، لە دوایین رووبەڕووبوونەوەدا شتوتگارت بە ئەنجامی 3-1 براوە بووە، ئەستێرەی دراوشاوەی کورد، دەنیز دێنیز، لەبەر پێکان لە یارییەکە ئامادە نابێت، هاوشانی ئامادەنەبوونی کریس فوریچ، گورزێکی کوشندە دەبن بۆ یانەکە لە یارییەکەیان بەرامبەر بە بایرن میونشن.
هەینی 18/10
بۆرووسیا دۆرتموند - سانت پاولی 21:30
شەممە 19/10
بایەر لیڤەرکوزن - ئینتراخت فرانکفۆرت 16:30
هۆفنهایم - بۆخوم 16:30
فرایبۆرگ - ئاوگسبۆرگ 16:30
ماینز - لایپزیگ 16:30
بۆرووسیا مونشنگلادباخ - هایدینهایم 16:30
بایرن میونشن - شتوتگارت 19:30
یەکشەممە 20/10
هۆڵشتین کیێل - یونیۆن بەرلین 16:30
ڤۆڵفسبۆرگ - ڤێردەر برێمن 18:30
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ