نابی کایتا.. منداڵێکی دیکەی نێو چیرۆکەکانی برسیەتی و هەژارییە لە ئەفریقیا

17-05-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نابی کایتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆی گوتوویەتی بە منداڵی کە هێشتا تەمەنم دە یانزە ساڵێک دەبوو، لە سەر شەقامەکان بەدرێسی لیڤەرپوولەوە یاریمدەکرد. لەو کاتەوەی بوومەتە یاریزانی یانەکە، باوکم هەموو رۆژێک تەلەفۆنم بۆ دەکات و باسی عەشق و خۆشەویستی خۆیم بۆ لیڤەرپوول بۆ دەکات. هەر خۆی گوتوویەتی، تۆپی پێ، گەورەترین وەبەرهێنانی ژیانم بوو تا بەهۆیەوە بەسەر برسێتیدا زاڵ ببم. بەڵام لەسەرەتاکانمدا لەسەر تۆپی پێ، گاڵتەی زۆریان پێکردم.
 
ئەمە قسەکانی نابی کایتایە، ئەو یاریزانەی لە ‌هێڵی ناوەڕاستی لیڤەرپوولدا دەدرەوشێتەوە. ئەو لە شەقامە خۆڵرێژکراوەکانی کۆناکری غینیاوە پێگەیشتووە، منداڵێکی دیکەی نێو چیرۆکەکانی برسیەتی و هەژارییە لە ئەفریقیا، تۆپی پێ دەستی ئەوی گرت و نەیهێشت برسیەتی بەمەرگی بسپێرێت.
 
میریام کامارای دایکی ئاشکرایکردووە، کایتا لە منداڵییەکی زۆر زووەوە هەستێکی تایبەتی بەرامبەر هەموو ئەو شتانە هەبوو کە دەکەوتنە بەرقاچی، وەکئەوەی هەر زۆر زوو خۆی بۆ تۆپی پی یەکلاکردبێتەوە. کایتا دەڵێ، دایکم هەر زوو پێیگوتم، هەرچییەک لەسەر مێزی نانخواردنەکە بەربووەوە شەقی تێهەڵدە. ئەوە هاندەرێکی باشبوو بۆئەوەی هەرزوو لە بایەخی قاچەکانم تێبگەم، دواتر هەموو خولیام بووە ئەوەی تۆپێکم هەبێت و بەردەوام لەگەڵمدا بێت.
 
کایتا وەک هەر ئەفریقییەکی دیکە، ئاشنابوونی بەیاریکردن بۆ کۆڵانەکانی منداڵی دەگەڕێتەوە. ئەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک خۆی باسیدەکات هەمیشە بەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا بەتۆپەوە رایاندەکرد و ئیدی ئەوە هەموو خەون و خولیایەکی منداڵی بوو لە رۆژدا، شەوانیش رووی لەو گازینۆ و شوێنە گشتییانە دەکرد کە یارییان لێوەپێشاندەدرا و تا درەنگانی شەو، ئەو بەدیار یارییەکانەوە داڵغە دەیبردەوە.
 
رووداوەکانی سەرەتا هێشتا لە مێشکی کایتادا ماونەتەوە، دەیانجار خۆم بە ئۆتۆمبێلەکاندا دەکێشا کاتێک بەتۆپەوە رامدەکرد. سەدان رۆژیش بەپێی پەتی لەگەڵ هاوڕێکانمدا فڕکان فڕکانی سەر شەقامەکانمان دەکرد بەتۆپەوە، هەر ئەوەندەی تۆپمان لادەبوو، ئیدی هەموو دونیا هی ئێمە بوو.
 
لە تەمەنی 16 ساڵیدا، گۆڕانە گەورەکە لە ژیانی نابیدا روویدا، بەرپرسانی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی فەرەنسی سەرنجی ئەویاندا و بردیانە فەرەنسا، لەوێ وەک خۆی ئاشکرایکردووە، لە ئەکادیمیاکەدا سەرئێشەی زۆری تووشبوو، چونکە ئەوان بەزمانی زاراوەکانی تۆپی پێ قسەیاندەکرد و ئەم لە هیچ تێنەدەگەیشت، نەیدەزانی ئۆفساید چییە؟ فشار چییە و یاریزانەکان چۆن بەسەر هێڵەکانی یاریگەدا دابەشدەبن، ئەمە بووە مایەی گاڵتەپێکردنێکی زۆر لەلایەن منداڵانی دیکەی ئەکادیمیاکەوە.
 
کایتا دواجار فێری هەموو دەستەواژەکانی نێو تۆپی پێ بوو، لە ئەکادیمیای لیسترێسەوە روویکردە لایپزیگ، پاشان رێدبووڵ سالزبۆرگ و دواتریش لیڤەرپوول، ئەو ئێستا ئەو یاریزانەیە کە یۆرگن کلۆپی راهێنەری لەبارەیەوە دەڵێ کاتێک هاتە یانەکە، پێویستم بەوە نەبوو لەبارەی تۆپی پێوە زۆر قسەی لەگەڵدا بکەم، تەنیا پێمگوت لە یاریگەدا ئەو شتانە بکات، کە لێهاتووە تێیاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە