رووداو دیجیتاڵ
نزار مەحرووس، راهێنەری بەنێوبانگی سووری و پێشووی هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەی نەورۆز پێشاندا.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوویاندا بەرامبەر یانەی زاخۆ دۆڕان، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە راگەیاند و گوتی "هەرگیز پەشیمان نابمەوە و ناگەڕێمەوە یانەکە."
ئێستا کارگێڕیی یانەی نەورۆز بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت، نزار مەحرووس، راهێنەری سووری نزیکترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو یانەیە.
نزار مەحرووس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "قسە هەیە و لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرم، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە و گفتوگۆکانمان بەردەوامن."
راهێنەرە سوورییەکە زیاتر گوتی "ئامادەم راهێنەرایەتیی یانەی نەورۆز وەربگرم و دەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بدەین."
نزار مەحرووس ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ خولی عێراق هەیە، پێشتر دووجار راهێنەرایەتیی یانەی هەولێری کردووە و جارێکیش راهێنەرایەتیی یانەی زاخۆی کردووە، ئێستا نزیکە لەوەی جارێکی دیکە لە رێگەی یانەی نەورۆزەوە بگەڕێتەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
یانەی نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، لە 22 یارییدا 9 یاریی بردووەتەوە، لە 6 یارییدا یەکسانبووە و 7 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە و ئەنجامەکانی بەو رادەیە خراپ نین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی هاندەرانی یانەکە رەخنەی زۆریان لە راهێنەرەکە گرت، وەلی کەریم بڕیارییدا واز لە کارەکەی بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ