هانزی فلیک یارییەکەی جیرۆنا بە 'جەنگی تەکتیکی' ناودەبات

15-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، متمانەی بەتوانای تیپەکەی پێشاندا لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر جیرۆما لە گەڕی پێنجەمی لالیگا.
 
جیرۆنا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، یارییەکە کاژێر 17:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا دەیەوێت تۆڵەی هەردوو شکستی وەرزی رابردوو بەرامبەر جیرۆنا بکاتەوە کە لەهەردوو یاریی چوون و هاتندا 4 - 2 بەو تیپە دۆڕا.
 
وەرزی رابردوو جیرۆنا ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکرد، ماوەیەکی زۆر پێشەنگی لالیگابوو، بەڵام لە کۆتاییدا ریال مەدرید نازناوەکەی بەدەستهێنا. جیرۆنا بەهۆی ئاستە ناوازەیە وەرزی رابردوویەوە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات.
 
هانزی فلیک، کە یەکەم ساڵی کارکردنیەتی لەگەڵ بارسێلۆنا، پەسنی زۆری تواناکانی میگێل سانچێزی راهێنەری جیرۆنای کرد، بەڵام گوتی، هیچ ماوە بۆ سۆز نییە.
 
فلیک و بارسێلۆنا چوار بردنەوەی لەسەریەکیان لە لالیگادا بەدەستهێناوە و بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ، تیپەکە پێشەنگی خولەکەی گرتووە.
 
فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە دەڵێ، "چوار یارییمان بردووەتەوە، دەبێ بەردەوام بین".
 
هەروەها دەڵێ، "دەزانم کە کارەکە ئاڵۆزە و جیرۆنا زۆر بەباشی یارییدەکات، یارییەکی ئاستبەرزە، وەک یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، ئێمە لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان یارییدەکەین و دڵنیاین لەوەی کوالیتی پێویستمان بۆ بردنەوە هەیە".
 
راهێنەر ئەڵمانییەکە، ئاشکرایکردووە، وەرزی رابردوو تەماشای یارییەکانی جیرۆنای کردووە و بەئاستی یاریزانەکان و راهێنەرەکەی سەرسامبووە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ بزانین چۆن یارییدەکەین. دڵیام لەوەی یاریزانەکانم ئاستێکی باش پێشکێشدەکەن. دەبێ تەماشای پشتەوە نەکەین، ئەوەی روویدا، روویداوە. کلیکی سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمجارەدا ئەوەیە کە یاریزانەکان باشترین ئاستی خۆیان پێشان بدەن".
 
فلیک هەروەها دەڵێ، "پێویستمان بەوە هەیە کاربکەین تاوەکو جیرۆنا لە دۆخێکی ئارامدا نەبن، دەزانین هێزی ئەوان لە کۆنترۆڵی تۆپدایە، بۆیە دەبێ بەباشی گوشار بکەین و بەباشی بەرگری بکەین و رووبەریان نەدەینێ".
 
لە کۆتاییدا راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێ، "یارییەکە جەنگێکی تاکتیکی دەبێت، ئەگەر تۆپ کۆنترۆڵ بکەین، هەلێکی باشی برنەوەمان دەبێت و تاقیکردنەوەیەکی باش دەبێت بۆ ئێمە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە