یەکەم کێشە بەرۆکی فلیک دەگرێت

08-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، هانزی فلیک، راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری بارسا، چاوەڕێی بڕیارێکی قورسە لە ئەرکەکەیدا لەگەڵ بارسا، چونکە یانەکە ناچارە لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا دوو دڵی بەرگری بفرۆشێت.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەم دواییانەدا بەمەبەستی بەسەربردنی پشوو لەگەڵ خێزانەکەی بۆ ماوەی 10 رۆژ رۆیشتووە، دوای ئەوە پەیوەندی بە بارساوە دەکات و دەستبەکاردەبێت.
 
فلیک لەگەڵ ستافی راهێنەرایەتی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا، و لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گواستنەوەکان بۆ وەرزی داهاتوو.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئەمڕۆ شەممە لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە "بارسێلۆنا کارێکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەکانەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم بژاردەیە رەچاوی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن بکات، و کارگێڕیی یانەکە ناچارە مامەڵەی لەگەڵدا بکات". 
 
هانزی فلیک لە سەرەتای لەگەڵ هەشت بەرگریکاری ناوەڕاست کاردەکات، بۆیە پێویستە دوو بەرگریکار بفرۆشێت و لانیکەم دەبێت یەکێکیان نرخی لە بازاڕدا گران بێت.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە ژۆل کۆندێ، رۆناڵد ئاراوخۆ، ئینیگۆ مارتینێز، ئەندرێس کریستینسن و پاو کۆبارسی کە ئەو پێنج بەرگریکارەن کە وەرزی رابردوو یارییان دەکرد، کلیمێنت لێنگلێ و ئێریک گارسیاش دەگەڕێنەوە، کە ماوەی خواستنەکانیان بۆ یانەی ئاستۆن ڤیلا و جیرۆنا کۆتاییهاتووە، هەروەها میکا فای، کە دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشێی یانەکە دەیەوێت ناوی لە لیستی یاریزانانی تیپی یەکەمی یانەکەدا بێت.
 
راپۆرتەکە روونیشیکردووەتەوە "تاکە یاریزانێک کە ناتوانرێت دەستی لێبدرێت پاو کۆبارسییە، کە بەمدواییە گرێبەستەکەی نوێکردەوە و تاوەکو ساڵی 2027 یاری بۆ بارسا دەکات و مەرجی سزایی گرێبەستەکەی 500 ملیۆن یۆرۆیە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، جێگەی کریستینسن لە تیپەکەدا گەرەنتی کراوە بەهۆی کارامەیی و فرە ئەرکەکانییەوە دوای ئەوەی لە دوایین بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا نەیتوانی یاریزانێکی بەرگریکار بگوازێتەوە، چاڤی گرەوی لەسەرکرد و کریستینسنیش بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش وەڵامی دایەوە،  
 
سەبارەت بە لێنگلێ، ئەو لە پلانەکانی فلیکدا نییە و یانە کەتەلۆنییەکە یارمەتی دەدات بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو.
 
سەبارەت بە رۆناڵد ئاراوخۆ، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە پێدەچێت نزیک بێت کە رۆیشتن، لەبەر پێویستی دارایی یانەکە، بەو پێیەی ئەگەری هەیە بەبڕی زیاتر لە 80 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشرێت، بەتایبەتی کە چەند گەورە یانەیەکی وەک مانچێستەر یونایتد، چێڵسی و بایرن میونشن لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی، لەگەڵ دوو ساڵ لە گرێبەستەکەیدا، سەرەڕای داوای فلیک بۆ بەردەوامبوونی.
 
لە راپۆرتەکەی سپۆرتدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆندێ دەستەوارەیەکی زۆر گرنگی لە یانەی ئیتیحادی سعودییەوە بۆ هاتووە، بارساش بە پشتبەستن بە بۆچوونی ئەو یاریزانە بیر لە قبوڵکردنی دەکاتەوە، کە ئێستا سەرنجی لەسەر یاریکردنە لەگەڵ فەرەنسا لە یۆرۆدا.
 
وەک لە رۆژنامەکەدا هاتووە، هەروەک چۆن ئێریک گارسیا لە خواستن دەگەڕێتەوە، و بەردەوامبوونی لە بارسێلۆنا بەندە بە رۆیشتنەکان، بەهەمانشێوە داهاتووی میکا فای بەندە بە بازاڕی گواستنەوەکان.
 
فلیک یەکەم راهێنەری ئەڵمانی دەبێت، کە دوای 41 ساڵ سەرکردایەتی ژووری جلگۆڕینی بارسا وەربگرێت، کە دوایینیان ئودۆ لاتێک بوو، کە لە ماوەی ساڵانی 1981 تاوەکو 1983 راهێنەری بارسا بوو.
 
فلیک پێشتر لە ساڵی 2019 تاوەکو 2021 سەرکردایەتی بایرن میونشنی کردووە، لەو ماوەیەدا 86 یاری لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا ئەنجامداوە، 7 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە.
 
هەروەها لە ساڵی 2021 تاوەکو 2023 سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای کردووە، لە 25 یارییدا لەگەڵ مانشافت لەو ماوەیەدا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە