بەفەرمانی فلیک پشکنینی ددان بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا ناچارییە

11-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، داوای لە ستافی پزیشکی یانەکەی کردووە پشکنینی ددان بۆ سەرجەم یاریزانانی تیپی یەکەم ئەنجام بدەن، چونکە ئەم هەنگاوە وەک زیادکردنێکی نوێ دێت بۆ پشکنینە ئاساییەکان.
 
یاریزانانی بارسێلۆنا لە ماوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا پشکنینی پزیشکی و جەستەیییان بۆ کراوە و یاریزانەکانیش لە هەمان رۆژدا ماوەکانی راهێنانی ئێواران ئەنجام دەدەن.
 
ئەو پشکنینانەی بۆ یاریزانەکان ئەنجامدراون بریتی بوون لە پشکنینی پێوانەکردنی باڵا و کێش و رێژەی چەوری و چەندانی دیکە، جگە لە شیکاری خوێن و میز و پشکنینی دڵ و پشکنینی پێ.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، فلیک پێیوایە کە تەندروستی دەم و ددان رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رێگریکردن لە پێکان، ئەمەش پاڵپشتی لێکۆڵینەوەکان دەکەن کە ئاماژە بە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان کێشەکانی دەم و ددان و زیادبوونی ئەگەری پێکانی وەرزشوانان دەکەن.
 
گۆڤاری پزیشکی وەرزشیی بەریتانی چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆی دەرکەوتووە کە 77%ـی یاریزانانی تۆپی پێی ئینگلیزی، کە پشکنینیان بۆ کراوە، تووشی هەوکردنی پووک بوون، و 80%یان نەخۆشی پووکیان هەبووە، ئەمەش کێشە دروست دەکات، چونکە بەو هۆکارەوە یاریزان ناتوانێت بەباشی خواردن بجوێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەرس و لەسەر ئەو ماددە خۆراکیانە دەبێت کە دەگەنە ماسوولکەکان.
 
وەک نموونەیەک، ئەستێرەی بەنێوبانگی باسکە پاو گاسۆل راستەوخۆ دوای ئەوەی پەیوەندی بە یانەی لۆس ئەنجلۆس لیکەرزەوە کرد، چارەسەری راستکردنەوەی ددانی بۆ کرا.
 
لە کاتێکدا یانەی میلانی ئیتاڵی رەتیکردەوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی تۆپی پێی سەنیگالی ئەلی سیسۆکۆ بکات، بەهۆی خراپی تەندروستی ددانەکانی، لە ترسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئێسک و ماسوولکەکان.
 
ئەی ئێس ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا یەکەم یانەیە کە پشکنینی ناچاریی ددانی لە پشکنینە پزیشکییەکانی یاریزاناندا جێگیرکردووە، ئەم هەنگاوەش بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ژمارەیەکی زۆر یاریزانی گەنج لە تیپەکەدا دێت، کە زۆربەیان منداڵی خوار تەمەنی یاسایییان هەیە، کە ددانەکانیان هێشتا لە قۆناخی کۆتایی گەشەکردندایە.
 
راپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت "لە رێگەی ئەم رێوشوێنانەوە، فلیک ئارەزووی زۆری خۆی بۆ باشترکردنی ئاستی جەستەیی و ئاستی یاریزانەکانی لە رۆژی یەکەمەوە نیشان دەدات".
 
ئامادەکارییەکانی بارسێلۆنا بۆ وەرزی نوێ له رۆژی چوارشەممەوه بەسەرکردایەتی راهێنەری ئەڵمانی دەستیپێکردووه.
 
پێشتر یانەی بلاوگرانا بەرنامەکەی بۆ هەفتەی یەکەمی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ راگەیاندبوو، کە لە هەفتەی یەکەمدا 7 یەکەی مەشق و راهێنان لەخۆدەگرێت و ئامادەکارییەکان تاوەکو 28ـی تەمموز کە وادەی گەشتکردنە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
بارسێلۆنا لە گەشتەکەی ئەمریکادا رووبەڕووی 3 یانەی ئەوروپی دەبێتەوە، کە بریتین لە مانچێستەر سیتی، ریال مەدرید و میلانی ئیتاڵی، وەک ئامادەکاری پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە