رووداو دیجیتاڵ
یانەی کەربەلا کە لە خولی نایابی عێراق یاریدەکات، رایگەیاند دۆسێیەکی تەواو دەباتە بەردەمی فیفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و سکاڵا لەسەر ناوبژیوانان تۆمار دەکات.
یانەکە پێیوایە لە وەرزی ئەمساڵدا ناهەقیی زۆری بەرامبەر کراوە، بەتایبەت لەو یارییانەدا کە دووچاری شکست هاتووە تێیاندا. یانەکە دەڵێ ناوبژیوانان ناهەقییان بەرامبەر کردووە و هەڵەیان بەرامبەری ئەنجامداوە.
یانەی کەربەلا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ، بەڵگەنامە و تۆماری تەواومان لەبارەی 'زوڵمی ناوبژیوانان'ەوە تۆمارکردووە، کە دژ بە یانەکەمان کراوە و ڤیدیۆی تۆمارکراومان هەیە لەسەر ئەو رووداوانە.
کەربەلا دەڵێ، دووپاتیدەکەینەوە ئەوەی روویداوە، "هەڵەی بکوژ و کارەساتاوین" بەهۆیەوە خاڵی زۆرمان لەدەستداوە.
یانە عێراقییەکە زیاتر دەڵێ، بێئومێدبووین لە وەرگرتنی مافەکانمان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقییەوە، هەروەها لیژنەکانی سەر بە هەمان فیدراسیۆن، هەر بۆیە ئەمە وایکرد پەنا ببەینە بەر ناردنی دۆسێیەکی تەواو بۆ هەردوو فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ و ئاسیا.
یانەی کەربەلا هەروەها دەڵێ، "تیپی تۆپی پێی یانەکەمان بەبەردەوامی رووبەڕووی ناهەقیی و زوڵمی ناوبژیوانان دەبێتەوە، یارییەکەمان بەرامبەر هەولێر لە گەڕی 20دا چەندین هەڵەی تێدا بوو. محەممەد سەلمانی ناوبژیوانی پێشووی نێودەوڵەتی، لێدانێکی سزای ناڕاستی لەسەر گرتین".
زیاتر دەڵێ، "باجی زۆرمان لەسەر ئەو هەڵە دووبارانەدا کە نازانین کەی کۆتاییان دێت".
کەربەلا هەروەها دەڵێ، "ئەم هەڵە کارەساتاوییانە هەوڵ و ماندووبوونی کارگێڕیی و دەستەی مەشقدەران و یاریزانان و هاندەرانیش بەبادا دەبات، چونکە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە".
لە کۆتاییدا کەربەلا گوتوویەتی، "سوورین لەسەر هاوکاریی لێبڕاوانە و بەرهەمدار لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێ و لیژنەکانی سەر بە فیدراسیۆنەکە لەپێناو سەرخستنی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ