لیڤاندۆڤسکی پێشنیازێکی گرنگ دەکات و لاپۆرتا رەتیدەکاتەوە

04-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی و هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، داوای گۆڕانکاریکردن لە گرێبەستەکەیدا دەکات و ئەگەری هەیە بارسێلۆنا بە داواکارییەکەی رازی ببێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لیڤاندۆڤسکی پێشنیازی گۆڕانکاریکردنی لە گرێبەستەکەیدا ئاراستەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە کردووە و یەکێک لە چارەسەرییەکان دوای گفتوگۆی نێوان هەردوولا ئەوەیە، یاریزانەکە مووچەکەی کەمبکاتەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا گرێبەستەکەی لەلایەن یانەکەوە تاوەکو هاوینی 2027 درێژ بکرێتەوە.
 
خوان لاۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە گوتی "ئەو یاریزانێکی پابەندە بە یانەکە، دەتوانم ئەوە دووپاتبکەمەوە، کاتێک بیستی کە رەنگە پێویستیمان بە هەندێک هەوڵ هەبێت، ئەو پێشنیازی هەمووارکردنەوەی گرێبەستەکەی کرد و منیش ئەوەم بەرز نرخاند، بەڵام پێمگوتووە کە ئەمە زۆر پێویست نییە."
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لە ساڵی 2022 پەیوەندیی بە یانەی بارسێلۆناوە کردووە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 لەگەڵ بلاوگرانا کۆتاییدێت.
 
لیڤا لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی هانز فلیک، سەرەتایەکی باشی هەبووە و لەگەڵ یانەکە چوار گۆڵی لە رکابەرییەکانی لالیگادا تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
 
بارسێلۆنا بەهۆی دۆخی دارایی یانەکەوە کەوتووەتە نێو بارودۆخێکی ئاڵۆز، هەر بەو هۆیەشەوە یانەکە نەیتووانی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی زۆر واژۆ بکات و تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆش وەکو یاریزانی یانەکە بەشێوەیەکی کاتییە.
 
بارسا لە دەستپێکی لالیگادا، بەهێزەوە دەرکەوتووە و لە 4 گەڕی یەکەمی خولەکەدا هەر چوار یارییەکەی بردووەتەوە و بە 12 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە