رووداو دیجیتاڵ
خافیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، قسەی لەبارەی نزیکبوونەوەی کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید کردووە، دەڵێ بەڵێ دێت.
ئێمباپێ، هەینی رابردوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، رۆیشتنی خۆی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا کیلیان یانەی داهاتووی خۆی ئاشکرانەکردووە، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەو یاریزانە پەیوەندی بەیانەی ریال مەدریدەوە دەکات.
سەرۆکی دەستەی لالیگا، لە دوایین لێدواندا لەبارەی ئەگەری هاتنی کیلیان بۆ ریال مەدرید دەڵێ، "بەڵێ، ئێمباپی وەرزی داهاتوو یاریزانی ریال مەدریدە، ئەمە راستە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئێمباپێ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بەڵام لە ریال مەدرید ڤینیسیۆس و بێلینگهامیش هەن، ئەوان تیپێکی بەهێزیان دەبێت، بەڵام ئەوە مانای دەستەبەری بردنەوەی نازناوەکان نییە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەر ئێمباپی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێت، مانای وایە ئەو پێنج هەلی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی هەیە".
ئەو هەروەها زیاتر دەڵێ، "بوونی یاریزانانی گەورە تەنیا هۆکار نییە بۆ ئەوەی لالیگا مەزن بێت، دەبێ هۆکاری دیکەش هەبن و ئەگەر ئەنجامیان نەدەین، ئەوکات پاڵەوانێتییەکەمان مەزن نابێت".
سەرۆکی دەستەی لالیگا، زیاتر دەڵێ، "ئێمە کاری زۆر گەورە دەکەین لەپێناو مەزنکردنی پاڵەوانێتییەکەمان و راکێشانی یاریزانان، هەمووکات یاریزانە نوێیەکان لێرە دەردەکەون. لە بارسێلۆنا دەرکەوتنی لامین یامالمان بینی کە زۆر بچووکە، هەروەها پێدری و گابی. لە مەدرید هەروەها ڤینیسیۆس و بێلینگهام و لە داهاتووشدا ئێمباپی".
سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن، راگەیاندنی گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید، بکەوێتە پاش بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە رۆژی یەکی شەشی داهاتوو لە وێمبلی لە نێوان بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ