شۆک.. یاریزانانی ریال مەدرید کار بۆ خستنی ئێمباپێ دەکەن

دوێنێ کاژێر 10:17
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا خشتەی یارییەکانی لالیگای 2024-2025 کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی ریال مەدرید بەکارکردن و هەوڵدان بۆ خستنی کیلیان ئێمباپێ تۆمەتبارکراون، لە رێگەی پاس نەدان بەو یاریزانە لە یارییەکانی تیپەکەدا.
 
کیلیان ئێمباپێ کە هاوینی ئەمساڵ، بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، لە دۆخێکی خراپدایە، پاشئەوەی نەیتوانی بەو ئاستەوە دەربکەوێت کە لێی چاوەڕێدەکرا.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، پشتگوێخستنی ئێمباپێ لەلایەن یاریزانانی ریال مەدریدەوە، هۆکارە بۆ خراپ دەرکەوتنی ئەو یاریزانە و گۆڵنەکردنی لە یارییەکاندا.
 
ئێمباپێ لە دوایین چوار یاریدا لەگەڵ ریال مەدرید، هیچ گۆڵی نەکردووە و دوایین گۆڵی ئەو هێرشبەرە بۆ 19ی مانگی رابردوو دەگەڕێتەوەم کە لە سێلتاڤیگۆی تۆمارکرد.
 
ئیدۆ ئاگێری، رۆژنامەڤانی ئیسپانی پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید کردووە بەوەی هەوڵدەدەن ئێمباپێ بخەن، بەوەی پاسی نادەنێ و تۆپی بۆ نانێرن لە یارییەکاندا.
 
ئاگێری دەڵێ، "ئێمباپێ لە ڤینیسیۆس باشترە، تەماشای گۆڵەکانی بکەن لەگەڵ یانەکەی، ئەو هەشت گۆڵی کردووە و دوو ئەسیستی هەیە لە 17 یاری و ئەوەش ژمارەیەکی خراپ نییە، من دڵنیام لەوەی بەمنزیکانە دەستدەکاتەوە بەگۆڵکردن".
 
ئەو دەڵێ، "من واهەستدەکەم کە یاریزانانی ریال مەدرید بەدوای ئێمباپێدا ناگەڕێن، ئەو لەبەردەستیانە و نزیکە بۆ ئەوەی تۆپی بدەنێ، بەڵام بڕیاردەدەن کە تۆپی نەدەنێ".
 
لە بەرامبەردا، هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاشکرایانکردووە کە کیلیان لە ریال مەدرید هەست بەبێئومێدی دەکات، بەهۆی ئەو کێشانەوەی لە یانەکە هەیەتی و هەندێک سەرچاوە، دۆخی ئەویان لە یانەکە بەدۆخی 'خنکاو' ناوبردووە.
 
میدیاکان دەڵێن، ئاماژەی جەستەیی کیلیان پێشانیدەدات کە ئەو 'بێئومێد'ە، هەر کاتێک پاسی نادەنێ، ئەو وەک ناڕەزایەتییەک دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە. گلەیی لە ناوبژیوانیش دەکات کاتێک بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ئەو نەبن.
 
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، ریال مەدرید هەوڵیداوە پشتگیری کیلیان بکات لە یارییەکانی کۆتاییدا لە نێو یاریگە خۆیدا، بەتایبەت کە ناوی کیلیان لەلایەن بێژەری نێو یاریگەی یانەکەوە وەک دوایین یاریزان دەهێنرێت تاوەکو جەماوەر کاردانەوەیان لەگەڵی هەبێت و ئەو یاریزانەش هەست بەپشتگیریی هاندەران بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە