چامپیۆنزلیگ و چێژی تۆپی پێ گەڕانەوە

14-02-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بایرن میونشن پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای وەستانێکی درێژ، ئەمڕۆ بە دوو یاریی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی 16 دەستپێدەکەنەوە و چێژی تۆپی پێ دەگەڕێتەوە، کە  چامپیۆنزلیگ لەسەر ئاستی یانەکان بەهێزترین و پڕچێژترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێیە.
 
بەرلەوەی بایرن میونشن لە نێو باخچەی شازادەکاندا دەربکەوێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سانجێرمان.. یولیان نایگێلسمانی راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە، سانجێرمانی بە درۆکردن تۆمەتبارکرد و ماوەیەکی زۆر کەمیش بەر لە یارییەکە، دەرکەوت نایگێلسمان راستدەکات و ئەوەی بەرپرسانی سانجێرمان دەیڵێن لەبارەی پێکان و بەشدارینەکردنی ئێمباپێوە بۆ یارییەکە، تەنیا خۆڵکردنە چاوی خەڵکە.
 
ئەڵمانییەکان بەئومێدی زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی دوایین سەردانی خۆیان بۆ یاریگەی سانجێرمان روو لە پاریس دەکەن، ئەوان لە دوا سەرداندا کە وەرزی رابردوو لە میانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بوو، بەسەرکەوتنەوە گەڕانەوە و ئەگەر ئەمشەو سەرکەوتن لە یارییەکەدا بەشیان بێت، هەنگاوێکی کاریگەر بەرەو قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دەبڕن.
 
بایرن میونشن گەرچی هەفتەکانی رابردووی لە بۆندێسلیگادا بە ناسەقامگیر و دەرچوون لە ریتم بەسەربرد، بەڵام رێگەی نەدا کەس شکستی پێبهێنێت و لە دوای سێ یەکسانبوونەوە، جارێکی دیکە لەگەڵ سەرکەوتندا ئاشتبووەوە و بەر لەوەی گەشتی پاریسیش بکات، بەسیانەیەک سەرکەوتنی بەسەر بوخۆمدا بەدەستهێنا و بەوەش بە سانجێرمانی گوت، من بۆ یارییەکە ئامادەم.
 
وێڕای ئەو دۆخەش، نایگێلسمانی راهێنەر داوای تووندتربوون و کاریگەرتربوون لە یاریزانەکانی دەکات، لە کاتێکدا چوار یاریزانی کاریگەر لە گەشتەکەی پاریسدا یاوەری هاوڕێکانیان ناکەن کە بریتین لە مانوێل نۆیەر، سادیۆ مانێ، نەسیر مزراوی و لۆکاس هێرناندێز.
 
پاریس بەر لە میوانداریکردنی بایرن، لە نێوخۆدا دووچاری شکستبووە بەرامبەر مۆناکۆ.. ئاستی جێگیر نییە و میدیای فەرەنسا رووداوەکانیان ناوناوە، داڕووخانی سانجێرمان لە ماوەی 35 رۆژدا.. چونکە لە کاتێکدا پێش مۆندیال تیپەکە پتەو و بەهێز دەردەکەوت و بردنەوە لێی زۆر زەحمەت بوو، لە دوای مۆندیالەوە چوار شکستی نێوخۆیی بەرامبەر لانس، رین و مۆناکۆ لە خولی فەرەنسا و دەرکردن لەسەر دەستی مارسیلیا لە جامی فەرەنسا، گومانی زۆریان لەسەر تواناکانی ئەو تیپە بە دەرپەڕاندنی بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ دروستکردووە.
 
هەر ئەو شکستانە و دوایینیان هۆکاربوون بۆ تەقینەوەی کێشە و ناکۆکییەکان لە نێو یانەکەدا.. میدیای فەرەنسا دەڵێن نەیمار لە یەک کاتدا پەلاماری ڤیتینیای داوە و هێرشی کردووەتە سەر کامپۆسی بەڕێوەبەری یانەکە و گالتێش لە ژووری جلگۆڕیندا ئەوپەڕی تووڕەبوونی خۆی بەرامبەر یاریزانەکانی پێشانداوە.
 
هەموو ئەو رووداوانە و ساخڵەم نەمانەوەی پەیوەندی نێوان نەیمار، مێسی و ئێمباپێ و گەرمبوونی ئەو دەنگۆیانەی باس لە ویستی یانەکە دەکەن بۆ دەستبەرداربوون لە نەیمار بێ بەرامبەر.. یانەکە دەخەنە بەردەم دووڕیانێکەوە و دەکرێ بەبردنەوە لە میونشن یانەکە بگەیەننە سەر رێگەی چارەسەربوون و بە شکستیش دەکرێ بیبەنە بەردەم دەرگای دەیان کێشەی دیکەی جیاواز.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە