مێسی، خولی ئەمریکای بووژاندووەتەوە

دوێنێ کاژێر 02:26
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی ئەمریکا یانەی ئینتەرمەیامی لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاروانی وەرزی یەکەمی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی لە قۆناخی پلەی ئۆف کۆتاییهات، بەڵام کۆتاییەکی خەمهێنەر، چونکە هەمووان حەزیاندەکرد مێسی درێژە بەکاروانەکەی لە خولی ئەمریکا بدات.
 
مێسی، ئەگەرچی لە خولەکە کرایە دەرەوە، بەڵام رۆحیەتێکی دیکەی بە رکابەرییەکانی خولەکە بەخشیوە. کاپتنی پاڵەوانی جیهان، یەکەم وەرزی تەواوی یارییکردنی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بەبێ نازناو کۆتایی پێهێنا.
 
تیپەکەی مێسی، وێڕای نەگەیشتنی بەنازناوی خولەکە، بەڵام باشترین کاروانی لە مێژووی خۆیدا لە خولەکەدا هەبوو، پاشئەوەی 74 خاڵی کۆکردەوە کە بەرزترینە لە مێژووی یانەکە لە خولی ئەمریکا. بەڵام لە کۆتاییدا دەرکرا، ئەگەرچی سەرنجی زۆری خستە سەر قۆناخی پلەی ئۆفی خولەکە.
 
ئەوانەی چاوەڕێی سوودمەنبوونی دارایی بوون لە گەیشتنی مێسی بەیاریی کۆتایی خولەکە، دووچاری بێئومێدییەکی زۆر بوون، بەتایبەت 'ئەپڵ تی ڤی' کە گرێبەستێکی زەبەلاحی لەگەڵ دەستەی خولی ئەمریکا لە 2022 واژۆکردووە. هەروەها تۆڕی 'فۆکس' کە هەردووکیان یارییەکانی خولەکە دەگوازنەوە.
 
وێڕای ئەو شکست و سەرنەکەوتنەش، مێسی بەهای گەورەی خۆی بۆ تیپەکە و خولەکە دووپاتکردەوە. پسپۆران دەڵێن مێسی دەریخست کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تۆپی پێ دروستکردووە لە ئەمریکای باکوور، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە هاوینی 2026  میوانداریی مۆندیال دەکات.
 
ئاندرۆ زیمبالست، مامۆستا لە کۆلێژی سمیس و نووسەری کتێبی 'ئارەزوویی نیشتمانی، چۆن ئەمریکییەکان بەیسبۆڵ دەکەن و هەموو دونیاش سەرقاڵی تۆپی پێیە'، دەڵێت، "مێسی ئەو پارچەیەیە کە خولی ئەمریکا پێویستی پێی بوو، کێشەی خولی ئەمریکا پەلکێشکردنی ئەستێرەکان بوو لە کۆتایی کاروانی وەرزشییاندا. بەڵام مێسی یەکێکە لە پێنج باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، ئەگەرچی تەمەنی 37 ساڵە، بەڵام هێشتا توانای یارییکردنی هەیە و لانیکەم بەشێک لە باڵادەستیی بەسەر تۆپی پێی جیهان تێدا ماوەتەوە".
 
مێسی پێشبینیدەکات، ئینتەرمەیامی دوایین یانە بێت لە ژیانیدا یاریی بۆ دەکات، ئەوەش جۆرێک لەسووربوون لەسەر هاندەران دروستدەکات بۆ ئاگاداربوون لە خولەکە، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت یەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ ببین لە یاریگەدا، بەرلەوەی بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
ئەگەرچی تیپەکەی لە شەمەی رابردوودا شکستی هێنا لە بەردەوامبوون لە خولەکەدا، بەڵام ئینتەرمەیامی هاوینی داهاتوو لە مۆندیالی یانەکاندا بەشداریی دەکات، کە یەکەمجارە 32 یانە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەردەکەون.
 
فیفا کورسییەکی پاڵەوانێتییەکەی بەیانەکەی داڤید بێکهامی خاوەنی بەخشی، پاشئەوەی نازناوی قەڵخانی هاندەرانی بەدەستهێنا، کە دەدرێتە ئەو تیپەی باشترین کاروانی لە قۆناخی پێش پلەی ئۆفی خولەکەدا هەبووە.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری خولی ئەمریکا، رایگەیاندووە کە ژمارەی هاندەرانی ئامادەبوو لە یاریگەکانی خولەکەدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە قۆناخی پلەی ئۆف، گەیشتووەتە 11 ملیۆن کەس. یانەی ئینتەرمەیامی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە داهاتەکانی دووهێندە زیادیان کردووە لە مانگی حەوتی ساڵی رابردووەوە.
 
کۆمپانیای 'ئەپڵ' دەڵێ، دەرکەوتنی مێسی بۆ یەکەمجار لە قۆناخی پلەی ئۆفی خولەکەدا، بەرزترین بینەری هەبووە بەراورد بە هەموو وەرزشەکانی دیکە. لە کاتێکدا کۆی 72610 هاندەر لە یاریگەی ئارۆهید ئامادەبوون، کاتێک ئینەرمەیامی بەرامبەر سپۆرتینگ کانساس یارییکرد لە مانگی چواری ساڵی رابردوودا.
 
دەستەی سەرپەرشتیاری خولی ئەمریکا دەڵێ، ئەم ژمارەیە، چوارەم گەورەترین کۆبوونەوەی جەماوەرییە لە مێژووی خولەکەدا.
 
داڤید ئێم کارتەر، بەڕێوەبەری گرووپی بزنسە وەرزشییەکان دەڵێ، "مێسی لەگەڵ خۆیدا کەشی جیاواز دەهێنێت، جیاواز لە هەموو ئەستێرەکانی دیکە، ئەو وایکرد بەشێکی زۆری هاندەران ئەو هەستەیان بۆ دروست ببێت، کە هاتوون بۆ بینینی ماڵئاوایی ئەستێرەیەکی مەزن".
 
ئەو هەروەها دەڵێت، "مێسی هاوکاربوو لەوەدا کە بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنێت کە خولی ئەمریکی توانای ئەوەی هەیە کوالیتی خۆی باشتر بکات و توانای رکابەریی تێیدا بەرەو سەر بچێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە