رووداو دیجیتاڵ
وەرزی ئەمساڵی یانەی ئینتەرمەیامی و لیۆنێل مێسی ئەفسانە، بەسێ کارەسات کۆتاییهات، پاشئەوەی تیپەکە لە قۆناخی پلەی ئۆفی خولی ئەمریکا کرایە دەرەوە.
دوایین کەوتن و کارەساتی وەرزەکەی مێسی لەگەڵ یانەکەی، شکستبوو لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەرامبەر ئاتاڵانتا یونایتد بەئەنجامی 3 - 2 گۆڵ و بەوەش ماڵئاواییان لە کۆتاییەکانی پاڵەوانێتیی جامی خول کرد.
ئینتەرمەیامی بۆ سێیەم یاریی لەسەریەک، لە قۆناخی پلەی ئۆف رووبەڕووی رکابەرەکەی بووەوە، پاش ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا، هەر یانەیە و یارییەکەی بردەوە.
لە یارییەکەدا ماتیاس روخاس گۆڵی پێشکەوتنی ئینتەرمەیامی تۆمارکرد لە خولەکی 17، بەڵام لە خولەکەکانی 19 و 21 ئاتاڵانتا یونایتد دوو گۆڵی تۆمارکرد لە رێگەی جەمال سیاری.
لە خولەکی 65دا، مێسی گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد، بەڵام ئاتاڵانتا لە خولەکی 76 لە رێگەی سلیسزەوە گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و بەوەش کاروانی خۆی لە قۆناخی پلەی ئۆفی پاڵەوانێتییەکە درێژە پێدا.
خەونی مێسی لە وەرزی ئەمساڵی خولە ئەمریکییەکەدا کۆتاییهات، پاشئەوەی نازناوی 'قەڵخانی هاندەران'ی بەدەستهێنا، وەک یانەی خاوەن زۆرترین گۆڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا.
جیا لە ماڵئاواییکردنی ئینتەرمەیامی و مێسی لە جامی خولەکە، تیپەکەی تاتا مارتینۆی راهێنەر، پێشتر لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی کۆنکاکاف لەسەردەستی یانەی مۆنتیری مەکسیکی کرایە دەرەوە، هەروەها لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیی 'جامی خولەکان' دەرکرا لە بەرامبەر کۆڵۆمبۆس کرۆ.
بەو ئەنجامە، یانەی ئاتاڵانتا یونایتد لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیی جامی خولدا، بەرامبەر ئۆرلاندۆ یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ