"مێسی ناپیشەگەر و پەروەردەنەکراوە"

20-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ئینتەرمەیامی یانەی ئینتەرمەیامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەدۆلفۆ بۆفۆ باوتێستای یاریزانی مەکسیکی هێرشی تووندی کردە سەر لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین و بەکەسێکی ناپیشەگەر و پەروەردەنەکراوی ناوبرد، پاشئەوەی ئەو یاریزانە، هاندەرانی مەکسیکی تووڕەکرد.
 
مێسی لە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئینتەرمەیامی بەرامبەر کلەب ئەمریکای مەکسیکی لە یارییەکی دۆستانەدا، بەجووڵەیەک دەماری هاندەرانی یانە مەکسیکییەکەی گرت و ئەوەش کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
باوتێستای یاریزانی پێشوو، بیانووی بۆ هێرشکردنە سەر مێسی، بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی گێڕایەوە.
 
مێسی رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە یارییەکەدا، کاتێک ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی بەلێدانی سەر و لە ئەسیستی لویس سوارێز یەکسانکردەوە.
 
لە دوای گۆڵەکە و لە کاتی ئاهەنگگێڕان، مێسی ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی بۆ هاندەرانی نێو یاریگەکە نارد و شانازیی بەدرێسەکەی بەرییەوە کرد و ئاماژەی بە یاریزانی ژمارە 10 لەسەر ئاستی جیهان و هەڵبژاردەکەی کرد، هەروەها بەپەنجە بەهاندەرانی گوت ئەرجەنتین سێ نازناوی مۆندیالی هەیە و مەکسیک هیچ نازناوێکی نییە.
 
باوتێستا وایداناوە ئەوەی مێسی کردوویەتی، بێڕێزییە بەرامبەر وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەداوە کە پەیامەکەی مێسی قبووڵکراو نییە. 
 
باوتێستا دووپاتیکردەوە کە وێڕای ئەوەی مێسی بەهرەیەکی مەزنی هەیە، بەڵام بنەما سەرەکییەکانی کەسایەتیی تێدا نییە.
 
ئەو دەڵێ، ئەو سووکایەتییەی مێسی بە مەکسیکی کردووە، قبووڵکراو نییە و لێخۆشبوونی نییە.
 
هەروەها دەڵێ، "تۆ فێڵت لە وڵاتەکەم کرد و واتلێکردم باوەڕبەوە بکەم کە تۆ پیشەگەرنیت و پەروەردەنەکراوی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە