نەیمار داسێلڤا: رۆناڵدۆ پێشەنگە و یەکێکە لە باشترینەکانی مێژوو

دوێنێ کاژێر 08:54
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی سعودیە مۆندیالی 2034
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، باسی لە کاریگەریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە و ئەوی بەیەکێک لە باشترینەکانی مێژوو ناوبردووە.
 
نەیمار کە لە ماوەی رابردوودا، دوای پێکانێکی ماوە درێژ گەڕایەوە یاریگەکان، بەڵام دووچاری پێکانێکی نوێ بوو و بەهۆیەوە مانگێک لە یاریگەکان دادەبڕێت، هەروەها باسی لە رێکخستنی مۆندیالی 2034 لەلایەن سعودیەوە کردووە.
 
سعودیە مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ی بەدەستهێنا، بەوەش ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا میوانداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە دەکات و بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، مۆندیالێکی ناوازە رێکدەخەن کە پێشتر نەبینرابێت.
 
میوانداریکردنی مۆندیال، بەشێکە لە کارکردنی سعودیە لەسەر گەشەپێدانی تۆپی پێ لە وڵاتەکەدا، لە رێگەی بەهێزکردنی خولی نێوخۆی سعودیە و سەرنجڕاکێشانی ئەستێرە گەورەکانی جیهان و چوونیان بۆ خولی ئەو وڵاتە.
 
نەیمار لە دوای بینینی دۆسێی میوانداریکردنی مۆندیال لە سعودیە گوتی، "پێموایە سعودیە هەموو توانایەکی بۆ رێکخستنی باشترین مۆندیالی لە مێژوودا هەیە".
 
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە هەروەها دەڵێ، "دڵخۆشم بەوەی بەشێکبم لەو پڕۆژە زەبەلاحە، هەروەها رۆڵم هەبێت لەسەرکەوتنیدا و بەبڕوای من دەبێتە باشترین مۆندیالی مێژوو، چونکە ناوازەیە و سعودیە پلانی بۆ هەموو شتێک داناوە".
 
نەیمار ئاشکرایکردووە، بەر لە هاتنە سعودیە بۆچوونێکی جیاوازی لەبارەی هەموو شتەوە هەبووە، بەڵام لەگەڵ یەکەم سەرداندا بۆی دەرکەوتووە دۆخەکە زۆر جیاوازە.
 
نەیمار پێیوایە لە ماوەی داهاتوودا زۆر ئەستێرەی دیکەی گەورەی دونیای تۆپی پێ روو لە خولی سعودیە دەکەن، پێیوایە داهاتوو زۆر گەشتر دەبێت.
 
لەبارەی کاریگەریی هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیماوە کە دوو گەورەترین یاریزانن لە خولەکەدا یارییدەکەن و هەردووکیان خاوەنی باڵۆن دۆرن، نەیمار دەڵێ، "رۆناڵدۆ پێشەنگە و یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، هەروەها کەریمیش، پێموایە وەک یاریزان بەرپرسین لەوەی کاریگەریی گەورە لە نێو سعودیەدا دروست بکەین".
 
نەیمار ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بڕیاری لەچارەنووسی خۆی نەداوە، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە، کاردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال و گەڕانەوە بۆ یانەی سانتۆسی بەرازیلی کە یەکەم یانەبووە لە ژیانیدا یاریی بۆ کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە