فەرمی.. بۆچوونی بەرپرسانی سعودیە لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی و سەڵاح

18-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی سعودیە محەمەد سەڵاح لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای خولی سعودیە بۆچوونی فەرمیی دەستەی سەرپەرشتیاری خولەکەی لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی و محەممەد سەڵاح ئاشکرا کرد.
 
لە ماوەی رابردوودا، دەنگۆی زۆر لەبارەی هەوڵدانی یانەکانی سعودیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محەمەد سەڵاح بڵاوکرانەوە. هەندێک سەرچاوە دووپاتیدەکەنەوە، وەرزی داهاتوو سەڵاح لە لیڤەرپوول نامێنێت و پەیوەندی بەیانەیەکی ئەو خولەوە دەکات.
 
هەرچی لیۆنێل مێسییە، ئامانجی سەرەکیی یانەکانی سعودیەیە، بەتایبەت کە کۆکردنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و مێسی لە خولێکدا، خەونی گەورەی سعودییەکانە.
 
عومەر مگربل، سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی سەرپەرشتیاری خولی سعودیە دەڵێ، مەرج هەیە بۆ ئەوەی بڕیار بدەین ئاخۆ مێسی و سەڵاح بێنە خولی سعودیە یان نا.
 
سەڵاح لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەگەڵ ئەو یاریزانە و یانەکەی نییە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
لیۆنێل مێسی، گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵە و بۆی هەیە بۆ ماوەی دوانزە مانگی دیکە نوێی بکاتەوە.
 
لە ساڵانی رابردوودا، ئامانجی یانەکانی خولی سعودیە بەرەوپێشبردنی خولەکە و بەناوبانگکردنی بوو لەسەر ئاستی جیهان، لە رێگەی راکێشانی ئەستێرە گەورەکان بۆ یارییکردن لە خولەکە.
 
مگربل، قسەی بۆ گۆڤاری 'فۆر فۆر توو'ی بەریتانی کردووە و دەڵێ، "لە بابەتی گرێبەستکردن لەگەڵ هەر یاریزانێک مەرجێکی سەرەکی هەیە کە وەک پێشینەیە، ئەو مەرجەش بریتییە لەوەی ئەگەر بمانەوێت گرێبەست لەگەڵ مێسی و سەڵاح بکەین، پرسیارەکە ئەوەیە لە رووی هونەرییەوە چەندە پێویستمان پێیانە، چونکە تۆپی پێ بەر لە هەر شتێک دێت".
 
بەرپرسە سعودیەکە زیاتر دەڵێ، "دەبێ ئەو یاریزانەی دێتە خولەکە، سوودی بۆ یانەکەی هەبێت، ئەمە جیا لەوەی کە ئێمە لایەنی بازاڕگەریش لەبەرچاو دەگرین، بەڵام سوودە دارایی و بازرگانییەکان لاوەکین، بەراورد بەسوود لە دونیای تۆپی پێ و ئاستی یاریزانەکەدا، لەبەرئەوە گرنگترین شت، سەرکەوتن و درەوشانەوەی یاریزانەکەیە لە یاریگەدا".
 
لە ساڵانی رابردوودا، یانەکانی خولی سعودی گرێبەستیان لەگەڵ چەندین ئەستێرەی گەورەی جیهانیداکرد، لە نێویاندا کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما، فیرمینیۆ، نەیمار داسێلڤا و دەیانی دیکە.
 
یارییکردنی یاریزانە گەورەکان لە خولی سعودیە، سەرنجی زیاتری دونیای بۆ خولەکە راکێشا و ئاستی هونەریی لە خولەکەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشبرد.
 
مگربل، زیاتر دەڵێ، "لە تۆپی پێدا، هەموو بابەتەکە پەیوەندی بەرەزامەندیی یانەکە و یاریزانەکەوە هەیە. زۆر ئاساییە هەندێک یاریزان بەدەستەوارەکان رازی دەبن و هەندێکی دیکەش رازینابن، هەر یانە و یاریزانێک باشترین بۆخۆیان هەڵدەبژێرن".
 
ئەو بەرپرسەی خولی سعودیە، وایداناوە کە ئێستا یاریزان و ئەستێرەکان بەشێوەیەکی دیکە تەماشای خولی سعودیە دەکەن و دۆخەکە گەشەی بەرچاوی کردووە. ئەو دەڵێ، "ئاستی گرنگیدانی یاریزانان بەخولەکە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، ئێستا یاریکردن لە سعودیە بژاردەیەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە بۆ زۆرینەی ئەستێرەکان، لەبەرئەوە ئێمە بەردەوام دەبین لە بینینی ئەو یاریزانانەی دەیانەوێت لە خولی سعودیە یاریی بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە