ئەمڕۆ سعودیە مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 وەردەگرێت

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی 2034 سعودیە فیفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەی گشتیی خۆیدا، دەستنشیانکردنی سعودیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 رابگەیێنێت، هاوکات فیفا ناوی شەش دەوڵەتی میوانداریکەری مۆندیالی 2030یش ئاشکرا دەکات.
 
بەرپرسانی دۆسێی سعودیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 ئاشکرایانکردووە کە میوانداریکردنی گەورەترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیهان خەونی هەموو سعودییەکانە و پابەندی فەلسەفەی خۆیانن کە بریتییە لە گەشەکردن پێکەوە.
 
سعودیە خاوەنی تاکە داواکاریی پێشنیازی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ە. وڵاتەکە ماوەی دە ساڵ کاری لەسەر رێکخستنی دۆسێی میوانداریکردنی مۆندیالەکە کردووە و مانگی پێشوو، دۆسێیەکەی خۆی دایە فیفا.
 
دۆسێیەکەی سعودیە کۆی 15 یاریگە لە خۆ دەگرێت بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیال لە پێنج شاری جیاواز، لە نێویاندا شاری نیۆم کە هێشتا لە قۆناخی دروستکردندایە.
 
سعودیە هێشتا ئاشکراینەکردووە دەیەوێت لەکام وەرز و مانگەی ساڵدا، مۆندیالەکە رێکبخات.
 
بڕیارە یاریی کردنەوە و کۆتایی مۆندیالەکە لە یاریگەیەکی زەبەلاحدا بەڕێوەبچێت کە 92 هەزار کەس لە خۆ دەگرێت و لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە دروستدەکرێت.
 
هاوشێوەی ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە قەتەر روویدا، مۆندیالی سعودیەش پێویستی بەگواستنەوەی کاتەکە لە هاوینەوە بۆ زستان هەیە و ئەوەش پێویستدەکات، رێکخەرانی خولە نێوخۆییەکانی وڵاتانی جیهان، بەپشوویەکی ناچاری لە زستانی ئەو ساڵەدا رازی بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە