سوپرایز.. مێسی هێشتا مووچەی لە بارسێلۆنا هەیە

12-10-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، سوپرایزێکی گەورەی سەبارەت بە پەیوەندی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا ئاشکراکرد، هەرچەندە پاڵەوانی جیهان لە 2022 لە هاوینی 2021 ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکەی بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کردووە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی بارسا، هێشتا مووچەی لیۆنێل مێسی کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی و دوو یاریزانی دیکە دەدات، کە ئێستا لەگەڵیدا لە خولی ئەمریکی یاری دەکەن، سێرجیۆ بۆسکێتس و خۆردی ئەلبا.
 
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا هەوڵدەدات قەرزەکانی لیۆنێل مێسی، جۆردی ئەلبا و سێرجیۆ بۆسکێتس لەسەر خۆی نەهێڵێت، بەپێدانی مووچە دواخراوەکانیان، کە لە وەرزی 2020-2021 نەدرابوون لە ئەنجامی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا.
 
لیۆنێل مێسی هاوینی 2021 کامپ نۆی بەجێهێشت، دوای ئەوەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا پێیڕاگەیاند کە یانەکەی بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و یاسای یاریی دارایی خاوێن ناتوانێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
دوای دوو وەرز یاریکردن بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، مێسی لە رێگەی یانەی ئینتەرمەیامییەوە بەرەو خولی ئەمریکی رۆیشت، بۆ ئەوەی لە سەرەتای وەرزی 2023-2024 سێرجیۆ بۆسکێتس و خۆردی ئەلباش پەیوەندی پێوە بکەن.
 
هەمان ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەو دۆخە داراییە خراپەی لە وەرزی 2020-2021ـەوە باڵی بەسەر یانە کەتەلۆنییەکەدا کێشا، یانەکەی ناچارکرد پێدانی مووچەی هەندێک لە یاریزانەکانی دوابخات، لەسەرووشیانەوە لیۆنێل مێسی و هەردوو هاوڕێکەی بۆسکێتس و ئەلبا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا مووچەی مێسی، بۆسکێتس و ئەلبا دەدات، و دەڵێن "لە وەرزی ئێستای 2024-2025ـدا، بارسا دوابەشی پاشەکەوتی مووچەی ئەو سێ ئەستێرەیە دەدات".

 

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، خەرجکردنی ئەو مووچەیە کاریگەری بەسەر بودجەی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا نابێت، لەبەرئەوەی ئەو مووچەیەی کە دەدرێتە ئەو سێ یاریزانە لە بودجەی وەرزی ئێستا نییە، بەڵکو لە بەشە پارەی خەزێنەی تیپەکەیە لە ساڵی 2021".
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیانەکانی بارسێلۆنا لە وەرزی 2020-2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گەیشتە زیاتر لە 451 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش وایکرد یانەکەی ناچاربکات مووچەی هەندێک لە ئەستێرەکانی پاشەکەوت بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە