بۆ رازیکردنی گواردیۆلا، مانچێستەر سیتی دەستبەگیرفانیدا دەکات

12-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی هەڵمەتی رازیکردنی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکەی بۆ بەردەوامبوون لە مەشقدانی دەستپێکردووە و چەندین رێگەی جیاواز بۆ رازیکردنی ئەو راهێنەرە دەگرێتە بەر.
 
میدیای ئینگلتە ئاشکرایانکردووە، پاش نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستی پێپ لەگەڵ سیتی لە هاوینی داهاتوودا، کارگێڕیی مانچێستەر سیتی پلانی نوێکردنەوەی تیپەکە لەپێناو بەردەوامبوونی پێپدا دەگرێتە بەر.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، مانچێستەر سیتی دەیەوێت جیا لە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ پێپ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، پێکهاتەی تیپەکەشی نوێبکاتەوە، تاوەکو پێپ لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی نوێدا، درێژە بەباڵادەستی بەسەر خولی پرێمەرلیگدا بدات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دوو ئامانجی سەرەکیی داهاتووی سیتی لە هاوینی داهاتوودا بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ دوو ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە بریتین لە فلۆریان فێرتز و جەمال موسیالا.
 
مانچێستەر سیتی، لە هاوینی ئەمساڵدا تەنیا دوو گرێبەستی ئەنجامداوە، یەکەمیان ساڤینیۆی لاوی بەرازیلی تەمەن 20 ساڵان و دووەمیان، گەڕانەوەی ئێلکا گوندۆگانی ئەڵمانی بۆ ریزەکانی پاڵەوانی ئینگلتەرا، پاش بەسەربردنی یەک وەرز لەگەڵ بارسێلۆنای ئیسپانی.
 
یانەی مانچێستەر سیتی لەبەردەم رووداوێکی گەورەدایە لە هاوینی داهاتوودا، چونکە گرێبەستی کیڤن ریبرۆینی ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەکە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتاییدێت و یانەکانی سعودیە هەوڵی زۆردەدەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ دیبرۆین. ئەو یاریزانە خۆشی بەفەرمی ویستی یارییکردن لە خولی سعودیەی پێشانداوە.
 
دۆزینەوەی شوێنگرەوەی دیبرۆین، ئەرکێکی قورسە بۆ سیتی، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەوە کە ئەو مایسترۆیەی ناوەڕاستی یانەکە لە چەندین ساڵی رابردوودا هەیبووە.
 
ئەگەرچی پێشتر کارگێڕیی سیتی، ویستی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لوکاس پاکیتای یاریزانی ئاستۆن ڤێلا یان برۆنۆ گیمارایشی ناوەڕاستکاری نیوکاسڵ بۆ شوێنگرتنەوەی دیبرۆین پێشاندابوو، بەڵام ئێستا بیرکردنەوەی بەرپرسانی یانەکە بەو ئاراستەیە کە باشترین شوێنگرەوەی کیڤن دیبرۆین بۆ داهاتووی دوور، جەمال موسیالای ئەستێرەی لاوی بایرن میونشنی ئەڵمانییە.
 
مانچێستەر سیتی، هەروەها کاردەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ فێرتز کە وەرزێکی نایابی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزنی پاڵەوانی ئەڵمانیا هەبوو. 18 گۆڵی تۆمارکرد و 20 ئەسیستی هەبوو.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو دوو گرێبەستە بۆ رازیکردنی پێپە لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوون لە یانەکە، لە کاتێکدا ئامانجە هەرە گەورەکەی سیتی، بەردەوامبوونی گواردیۆلایە بۆ چەند وەرزێکی دیکە.
 
لەهەمان چوارچێوەدا، پاڵەوانی ئینگلتەرا لەئێستاوە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ چەندین یاریزان لە هاوینی داهاتوودا تەرخانکردووە و دەیەوێت بەگوڕوتینێکی نوێوە، درێژە بەرکابەریی لەسەر نازناوەکانی ئینگلتەرا و ئەوروپاش بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە