پێویستە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ داوای لێبوردن لە دهۆک بکات

10-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا روویدا، بەهیچ شێوەیەک مامەڵەیەکی تەندروست و وەرزشییانە نەبوو، ئەوە مافی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی هیچ وڵاتێک نییە بڵێت ئەم یانەیە ناتوانێت ئەم کارەبکات، چونکە بەهەموو پێوەرەکان، کارگێڕیی یانەکان دەتوانن بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە بدەن، نەک فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێ، ئەوەی لەدەست فیدراسیۆنەکانە سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوونی خولەکان و بەڕێوەبردنی یانەکانە، ئەوە کاری ئەوانە کە بەهەڵە بڵێن هەڵە و چاکی بکەن و باشییەکانیش باشتربکەن، نەک هەڕەشە لە یانەکان بکەن.
 
قسەکانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لەلای هاندەرانی یانەی دهۆک بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین و ناحەقیشیان نییە، بەتایبەت کە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە، بۆ ئەوەی سەرنجی هاندەرانی یانەیەکی دیکە رابکشێت، دەچێت پەسنی یانەیەکی دیکە دەدات بۆ ئەوەی ئەوان نەچنە پاڵ هاندەرانی یانەکە، کە ئەمە جاری یەکەم نییە و بەهەموو شێوەیەک هەڵەیە، جگە لەوەش تۆ کۆبوونەوەی هەفتانەت هەیە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیت کردووە، چ پێویست دەکات بگەڕێیتەوە بۆ رابردوو، یان ئەگەر کێشە هەن بۆچی تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیتان لەگەڵ کارگێڕیی یانەی دهۆک نەکرد، بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، چارەسەر بدۆزنەوە و کۆتایی بەو هەموو بەربەستانە بهێنن کە لە نێوان ئێوە و یانەیەکی گەورەی وەک دهۆکدا هەیە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ هەرچییەکی گوتبێت، رای کەسی خۆیەتی و دڵنیام بەشی زۆری ئەندامی فیدراسیۆنەکەش لەگەڵی نین، بەڵام ئەوە لەلایەک دابنێن، ناکرێت و ناگونجێت یانەی دهۆک لە خولی کوردستان بکشێتەوە.
 
دهۆک مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، یانەیەکی گەورەیە و خاوەنی چەندین ئەستێرە، دەستکەوت و نازناوی جیاوازە بە هەموو یارییە جیاوازەکانەوە، دهۆک دەرگای پێگەیاندنی دەیان یاریزان بووە بۆ هەڵبژاردەکانی عێراق و یانە جیاوازەکانی کوردستان، بۆ خۆیشی ماڵێک بووە بۆ گەنجانی دهۆک و دەبێت هەر ئەو دەرگایە بە کراوەیی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی خوێنی نوێ بێنەپێشەوە و ساڵانە هاوشێوەی هەموو ساڵەکانی رابردوو سلێمان رەمەزانەکانی دهۆک و کوردستان سوود لەو لاوانە وەربگرن کە لە خولی کوردستان یاریی بۆ یانەکە دەکەن.
 
لای هەموومان روونە خولی کوردستان، کێشەی زۆری هەیە، کە زۆر باسکراون و ناکرێت بە وردەکارییەوە بگەڕێمەوە سەر ئەو کێشانە، لە نەبوونی یاریگەوە تاوەکو نەدانی خەڵاتی شایستە بە پاڵەوانەکان و نەدانی شایستە داراییەکانی ناوبژیوانان، بەڵام باشتر وایە دهۆک مکوڕتربێت و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکانی کورستان و عێراق بکات، بەو شێوەیە وەڵامی ئەو قسانە بداتەوە، دهۆک ناکرێت بە رەخنەیەک دەرگاکانی دابخات و فیدراسیۆنی تۆپی پێش نابێتە دوورەپەرێزبێت، دەکرا باشتر و وردتر بیر لە قسەکردن بکرێتەوە نەک شارێک کە پڕە لە دەستکەوتی وەرزشی بە دوو قسە برینداربکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەی دهۆک دەکرێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەی یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی یانەکە بۆ بەشداریکردن و نەکردن لە خولی کوردستان دەدرێت، من دڵنیام دهۆک دەمێنێتەوە، بەڵام مانەوەکەی نابێت هەر بەناو بێت، نابێت قسەکانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان یانەکە ساردبکەنەوە، بەڵام سەرۆکی فیدراسیۆنەکەش پێویستە خۆی بچێتە دهۆک و لە نزیکەوە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە دابنیشێت خاڵێک لەسەر ئەو کێشانە دابنێت کە هەن، بەتایبەت تۆپی پێی کوردستان پێویستیی بە دهۆکە و دهۆکیش پێویستیی بە خولەکەیە و بە داوای لێبوردنێک لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێوە دەکرێت، دهۆک ئاشتببێتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە