رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەستخۆشی لە یاریزانەکانی دەکات بۆ ئەو ئاستەی بەرامبەر ریال مەدرید پێشکێشیانکرد و دەڵێت "یاریی گەڕانەوە وەک یاریی کۆتاییە."
گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "بەڕاستی یارییەکی قورس بوو، دەستخۆشی لە تیپەکەم دەکەم، چونکە ئەم سیناریۆیە لەم پاڵەوانێتییەدا و بەرامبەر تیپە بەهۆی مێژووەکەیەوە هەمیشە قورسە و بەتایبەتیش بەهۆی لێهاتوویی یاریزانەکانی، سەرەتای یارییەکەمان بەراستی باشبوو، کاتێک ئێمە لەوان باشتربووین بەسوود وەرگرتن لە جوڵەیەکی خێرای کاماڤینگا ڤینیسیۆس گۆڵێکی سەرسوڕهێنەری تۆمارکرد، کاتێک ئەوان لە نیوەی دووەمدا لە ئێمە باشتربوون ئیمە گۆڵمان کرد، بۆیە یارییەکە قورس بوو، یاریی گەڕانەوە لە مانچێستەر کراوە دەبێت، وەک یاریی کۆتایی دەبێت، ئێمە لە یاریگەی خۆمان و لەبەردەم هاندەرانمان یارییدەکەین، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەو یارییەن."
پێپ ستایشی ئاستی دیبرۆین دەکات و دەڵێت "کیڤن دیبرۆین ئاستێکی بڕواپێنەکراوی پێشکێشکرد و ئێمە دڵخۆشین بەو ئاستەی، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک، پێویستیت بە یارییەکی لەم جۆرەیە لە قۆناخی پێشکۆتایی و کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بۆ باشترین یاریزانەکانت، ئێدێرسۆن یارییەکی ناوازەی کرد، کایل واکەر زۆر ناوازە بوو بەرامبەر یەکێک لە سەخترین رکابەرەکان کە ڤینیسیۆس جونیۆرە، هەموو کاری زۆرباشیان کرد و بەگشتی ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد."
راهێنەری مانچێستەر سیتی دووپاتیدەکاتەوە کە یاریی گەڕانەوە وەک یاریی کۆتاییە و پێویستە باشتر یاریی بکەن، نازانم ئەوان گۆڕانکاری دەکەن یان نا، چونکە دەیڤد ئالابا و رۆدیگێر زۆر لە هالاندەوە نزیکبوون، بابزانین لە یاریی داهاتوودا چی روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ