لێدوانێکی راهێنەری پۆرتوگال هاندەرانی رۆناڵدۆ دەتۆقێنێت

09-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سیناریۆیەکی دیکە کە دەکرێت بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ترسناک بێت، سیناریۆی "فیشەکی میهرەبانی"یە، کە لە کۆتایی ژیانی وەرزشیی نێودەوڵەتی ئەودا دەکرێت کوشندە بێت.
 
رۆناڵدۆ پێشتر نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئازاری چەشت، و بە شکۆشکاوی و گریانەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال مۆندیالەکەی بەجێهێشت، ئەو واقیعەی رەتکردەوە کە فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری تیپەکە لەو کاتەدا بەسەریدا سەپاندبووی.
 
سانتۆس لە قۆناخە گرنگەکانی پاڵەوانێتییەکەدا رۆناڵدۆی لەسەر کورسی یەدەگ هێشتەوە، بەمەش رۆناڵدۆی بۆ یارییە زۆر گرنگەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە لە پێکهاتەکەی دوورخستەوە.
 
پێش ئەوەش لە یۆرۆی 2020 رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە پاڵەوانێتییەکە دەرکران، دوای ئەوەی لە قۆناخی 16ـدا بە ئەنجامی 1-0 بە هەڵبژاردەی بەلجیکا دۆڕان.
 
هەموو ئەمانە پەڵەیەکیان لەسەر دڵی رۆناڵدۆ بەجێهێشت، کە ترسی ئەوەی هەیە ئەو سیناریۆیە لە یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا لە فۆرمێکی تووندتردا دووبارە ببێتەوە.
 
دەرچوونی رۆناڵدۆ و پۆرتوگال لەم پاڵەوانێتییەدا بەمشێوەیە وەک "فیشەکی میهرەبانی"  دەبێت بۆ ژیانی وەرزشیی نێودەوڵەتی رۆناڵدۆ.
 
لێدوانەکانی مارتینێز نیگەرانی دەورووژێنن
 
لێدوانەکانی مارتینێزی راهێنەر، نیگەرانی دەورووژێنن، چونکە راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند "بوونی رۆناڵدۆ بەتەواوی پێویستە بۆ تیپەکە لەسەر ئاستی ژووری جلگۆڕین، ئەمەش بەهۆی ئەزموونە بەرفراوانەکەیەوە".
 
لێدوانەکەی مارتینێز هەرچەندە لە لایەکەوە جەخت لەسەر پێویستی رۆناڵدۆ دەکاتەوە، بەڵام نیگەرانی لە دڵی رۆناڵدۆ و هاندەرانیدا دروست دەکات.
 
قسەکردن لەسەر ئاستی ژووری جلگۆڕین لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی رۆناڵدۆ لە پاڵەوانێتییەکەدا، و سنووردارکردنی رۆڵەکەی لە تەنیا چەند خولەکێکدا بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی لێ وەربگرێت.
 
بەتایبەت لەبەر رۆشنایی خێرایی و چڕی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، و پێویستی هەر تیپێک بۆ دابینکردنی هەموو هێزی جەستەیی خۆی.
 
دوو بژاردە
 
رۆناڵدۆ دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، خراپترینیشیان هەر تاڵە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تا راددەیەکی زۆر دڵنیایە لەدوای ئەو پاڵەوانێتییە ژیانی وەرزشیی نێودەوڵەتی کۆتاییدێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کۆتاییەکەی دڵخۆش بێت بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئەم بەشداریکردنە کودەتایەک بێت بۆ ژیانی وەرزشیی نێودەوڵەتی رۆناڵدۆ، بەڵام لە هەر دۆخێکدا بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە زۆر شت زیاد ناکات بۆ رۆناڵدۆ، بەو پێیەی پێشتر نازناوەکەی بەدەستهێناوە، دۆڕاندنیش لە هیچ شتێکی کەم ناکاتەوە، دوای هەموو ئەو شتانەی کە لە ماوەی نزیکەی دوو دەیە و نیودا لە تۆپی پێدا بەدەستیهێناون، کە بریتییە لە درەوشاوەیی بەردەوام و پاڵەوانێتی و نازناوی تاکەکەسی بێکۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە