دەمەقاڵەیەک هۆکاری سەرکەوتنی ریال مەدرید بوو بەسەر جیرۆنادا

08-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید جود بێلینگهام ئاردا گولەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەمەقاڵەیەکی نێوان دوو یاریزانی یانەی ریال مەدرید لە یارییەکەی دوێنێ شەوی یانەکەدا بەرامبەر جیرۆنا، لە گەڕی 16ی لالیگا، هۆکاربوو بۆ راپەڕین و بەئاگاهاتنەوەی یانەی شاهانە. میدیاکان دەڵێن دەمەقاڵەکە نهێنیی سەرکەوتنی ریال مەدرید بووە لە یارییەکەدا.
 
ریال مەدرید بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر جیرۆنا بەدەستهێنا. جود بێلینگهام، ئاردا گولەر و کیلیان ئێمباپێ گۆڵەکانی ریال مەدریدیان تۆمارکرد.
 
جود بۆ پێنجەم یاریی لەسەریەک گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، لە کاتێکدا پێشتر 11 یاری لە لالیگا ئەنجامدابوو بەبێئەوەی گۆڵ بکات.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، دەمەقاڵە لە نێوان جود بێلینگهام و ئاردا گولەر سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە تیپەکە بەخۆی هاتووەتەوە و بردنەوەی بەدەستهێناوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، دەمەقاڵەکە لە گێمی یەکەمدابوو لە کاتێکدا جیرۆنا گوشاری زۆری لەسەر ریال مەدرید دروستکردبوو، بەڵام بێلینگهام لە دۆخەکە تووڕەبوو و رەخنەی تووندی لە ئاردا گولەر گرت پاشئەوەی هەستیکرد کەس هاوکاریی ناکات.
 
وەک 'مارکا' دەڵێ، بێلینگهام باڵی کردووەتەوە و بەتووڕەیی قسەی لەگەڵ گولەر کردووە، بەڵام ئەو یاریزانە لاوە لەبەرئەوەی کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، پاشەکشەی نەکردووە و وەڵامی جودی داوەتەوە، ئەوەش جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکەی لای دەستەی راهێنەرانی یانەکە دروستکردووە.
 
راپۆرتی رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "بەڵام لەبری ئەوەی ئەو دەمەقاڵەیە ببێتە هۆکاری دروستکردنی کەشێکی نێگەتیڤ، جۆشوخرۆشی یاریزانەکانی وروژاند و ئەوەش بەهۆی کاری لوکاس و مۆدریچەوە بوو کە زوو پەرچەکرداریان بەرامبەر دۆخەکە پێشاندا، هەروەها بێلینگهام کە داوای لە هاوڕێکانی کردووە تووندتر یاریی بکەن و ریتمی یارییەکە بەرز بکەنەوە".
 
دوای ئەو رووداوە، وەک رۆژنامەکە دەڵێ، "ریال مەدرید یارییەکەی خێراکرد و زیاتر لە ناوچەی سزای جیرۆنا نزیکبووەوە، تاوەکو بێلینگهام خۆی توانی گۆڵی یەکەمی یانەکە تۆمار بکات".
 
راپۆرتەکە هەروەها دەڵێ، "گولەر لە یاریگەدا بێزار و تووڕە دەرکەوتووە، هەروەها ئەنچیلۆتیش گوشاری زۆری لێکردووە و ئیدی ئەو ئاستێکی باشتری پێشاندا و دەستیکرد بە پەرتکردنی هێرشەکانی جیرۆنا، ئەگەرچی ئەو یاریزانی چەق نییە، بەڵام لەبەرئەوەی تەنیا ئەو رێگەیەی هەبوو بۆ باشترکردنی دۆخی خۆی و بەرزکردنەوەی ریتمی یارییەکە، ئەوکارەی کرد و هەلی بۆ هەموو یاریزانانی ریال مەدرید لە یارییەکەدا دروستکرد".
 
بەپێی هەمان راپۆرت "سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە گێمی دووەمدا گولەر تووندتر و یەکلاکەرەوەتر دەرکەوت، ئەوەش بەتەواوی روون بووەوە کاتێک لە خولەکی 55 گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، پاش پاسێکی وردی جود کە وایکرد گولەر دەربچێت و بەجوانی کۆتایی بەهێرشەکە بهێنێت".
 
رۆژنامەکە گوتویەتی، ئاهەنگگێڕانەکەی گولەر پڕی تووڕەیی و پەرچەکرداربوو، بێلینگهام بەرەو رووی رۆیشت و لەباوەشی کرد و بەوەش پێشانیدا هەموو ناکۆکییەک کۆتاییهاتووە.
 
ریال مەدرید بەبردنەوە لە جیرۆنا، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 36 خاڵ لە 16 یاری و لە دوای بارسێلۆنا دێت بەجیاوازیی دوو خاڵ، بەڵام یارییەک کەمتری ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە