رووداو دیجیتاڵ
دراگان سکۆچیچی راهێنەری کرواتی، مەهدی تارمیی ئەستێرەی یانەی پۆرتۆی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئێران دوورخستەوە، بۆ دوو یارییە گرنگەکەی ئەو هەڵبژاردەیە لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە یارییەکی گرنگدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، هەڵبژاردەی ئێران دەبێتە میوانی لوبنان و دوای 4 رۆژ لە یارییەکی دیکەی گرنگدا لە ئوردن بەرامبەر هەڵبژاردەی سوریا یاریدەکات.
ئێرانییەکان تووشی شۆک بوون کاتێک بینیان ناوی مەهدی تارمی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی دراگان سکۆچیچی راهێنەردا بۆ ئەوە دوو یارییە نییە، کە سەرەتا هۆکارەکەی دیارنەبوو، چونکە دراگان هۆکاری دوورخستنەوەکەی باس نەکردووە.
دواتر دەرکەوت کە هۆکاری ئەو دوورخستنەوەیە، رەخنەگرتنی تارمییە لە راهێنەرەکەی، کە پێدەچێت دراگان وەڵامدانەوەیەکی تارمی بۆ قسەیەکی بەدڵ نەبووبێت، لەبەرئەوە بڕیاریداوە سزای بدات.
هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران ئاشکرایانکرد، کە دراگان لە لێدوانێکدا گوتبووی "یاریزانانی ئێران باشن، بەڵام لە رووی تاکتیکەوە باش نین". مەهدی تارمیش لە رێگەی تویتەرەکەیەوە، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی داوەتەوە و نووسیویەتی "یاریزانانی ئێران لە رووی تاکتیکەوە خراپ نین، بەڵام کێشە لە شوێنێکی دیکەیە"، کە بێگومان مەبەستی یاریزانەک دراگان سکۆچیچی راهێنەر بوو، بۆیە راهێنەرە کرواتییەکە بڕیاریداوە دووریبخاتەوە.
مەهدی تارمی، کە تاوەکو ئێستا لە خولی پۆرتوگالدا 10 گۆڵی بۆ یانەی پۆرتۆی پێشەنگی خولەکە کردووە، یەکێکە لە ئەستێرە کاریگەرەکانی هەڵبژاردەی ئێران، کە لەگەڵ سەردار ئەزموون دووانەیەکی ترسێنەرنیان لە هێڵی هێرشبردنی هەڵبژاردەکەدا پێکهێناوە.
هەڵبژاردەی ئێران بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە 4 یارییدا، پێشەنگیی کۆمەڵەی یەکەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەری گرتووە، کە 2 خاڵ لەپێش کۆریای باشووری دووەم دێت.
هەڵبژاردەی ئێران دەیەوێت بۆ سيێەمجار بەسەریەکەوە و شەشەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری لە مۆندیالدا بکات، کە یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ