ڤیدیۆ؛ ئەستێرە دیارەکانی ئێران قسە بۆ رووداو دەکەن

15-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مەهدی تارمی
مەهدی تارمی
نیشانەکردن مەهدی تارمی هەڵبژاردەی ئێران جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە جامی ئاسیادا بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر هەڵبژاردەی فەلەستین، ئەستێرە دیارەکانی هەڵبژاردەی ئێران قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن، مەهدی تارمی دەڵێت "یاریی یەکەم هەمیشە قورسە و هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین".
 
لە یارییەکەدا ئێران سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بردەوە.
 
دوای یارییەکە یاسر حەمەد، یاریزانی هەڵبژاردەی فەلەستین بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی" ئێمە رووبەڕووی یەکێک لە بەربژێرەکانی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بووینەوە. ئێمە پێویستە سەرمان بەرز کەینەوە و بەردەوامبین لە کارکردن، هێشتا باوەڕمان بەخۆمان ماوە، پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر ئیمارات کە یارییەکی زۆر قورس دەبێت، ئامانجمان ئەوەیە سێ خاڵی ئەو یارییە بەدەستبهێنین."
 
محەممەد رەشید، یاریزانی هەڵبژاردەی فەلەستینە ئەویش لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت " ئەمە تۆپی پێیە، ئەمە یاریی یەکەم بوو، دوو یارییمان ماوە، ئێمە سەرنجمان لەسەر دوو یاریی داهاتوومان دەبێت، کە پشتیوان بەخوا کلیلی سەرکەوتن دەبن بۆ قۆناخی داهاتوو."
 
عەلیرەزا جیهانبەخش، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئێرانە و لەبارەی یارییەکەوە بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی "ئەم تیپەی هەڵبژاردەکەمان چەند ساڵێکە پێکەوەیە، پێکەوە بەشداری مۆندیال و جامی ئاسیامان کردووە. ئەوە روونە کە ئامانجی ئێمە ئەوەیە پاڵەوانێتییەکان ببەینەوە، بەتایبەتی جامی ئاسیا، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی دوایین دوو جامی ئاسیا بەدەستبهێنم."
 
جیهانبەخش زیاتر گوتی "ئێستا یاریزانەکان تەواو پێگەیشتوون و لە خولە باشەکان یاری دەکەن، بەشێکی زۆریان لە ئەوروپا یاری دەکەن و چاوەڕوانییەکان بۆ ئێمە زۆر بەرزن. ئێمە تیپێکی ناوازەمان هەیە، بەڵام پێویستت بە زۆر شت هەیە بۆ ئەوەی ببیتە پاڵەوان، پێموایە ئێمە بەشێکی زۆریمان هەیە و بەباشی خۆمان ئامادە کردووە، ئێمە خەونێکی گەورەمان هەیە ئەویش ئەوەیە تاوەکو کۆتاییەکانی ئەم پاڵەوانێتییە بڕۆین، بەڵام دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین. سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ یارییەکی زۆر باشمان کرد و سەرەتایەکی زۆر باش بوو بۆ ئێمە، هیوادارم لە یارییکانی داهاتووش ئاستی باش پێشکێش بکەین و ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین."
 
 
مەهدری تارمی، هێرشبەرە بەنێوبانگەکەی ئێران و یانەی پۆرتۆ لەبارەی بردنەوەکەیان لە فەلەستین بۆ رووداو قسە دەکات و دەڵێت "وەک خۆت گوتت ئەوە یارییەکی قورس بوو، هەمیشە یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکان قورسە، ئێمە یارییەکی باشمان کرد و ئەوەش ئەو شتە بوو کە دەمانویست بیکەین."
 
لەبارەی ئەوەی رای چییە ئەگەر بگەنە یاریی کۆتایی بەرامبەر عێراق یاریی بکەن؟ تارمی گوتی "ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر یاریی داهاتووە کە بەرامبەر هۆنگ کۆنگ یاری دەکەین، ئەوە یارییەکی گرنگە و ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین."
 
سامان قودوس، یاریزانی ئێران و یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزی بە رووداوی گوت "هەمیشە یاری یەکەمی پاڵەوانێتییەکان قورسە، فەڵەستین کارەکەی بۆ ئێمە قورس کرد، ئەوان تیپێکی بەهێزن و ئێمە رێزێکی زۆرمان بۆیان هەیە، ئێمە یەک بە یەک سەرنجمان لەسەر یارییەکان دەبێت، یاریی داهاتوو بەرامبەر هۆنگ کۆنگ دەبێت و سەرنجمان لەسەر ئەوەیە. سەرەتا دەبێت بۆ ئەم یارییە ئاهەنگ بگێڕین و بەیانی بیر لە یاریی داهاتوو دەکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە