زیدان: شتی گرنگتر لە تۆپی پێم هەیە و چێژ لە باپیرایەتی وەردەگرم

08-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن زینەدین زیدان یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، جارێکی دیکە رەتیدەکاتەوە پەلە بکات لە گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی. دەڵێ ئێستا چێژ لە شتی دیکە وەردەگرم.
 
زیدان کە لە 2021 بۆ دووەمجار مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی بەجێهێشت، تاوەکو ئێستا مەشقدانی چەندین یانەی جیاوازی رەتکردووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوەکان، چەندینجار داوای مەشقدانی یانە گەورەکانی لێکراوە.
 
زیزۆ قسەی بۆ میدیای فەرەنسا کردووە، دەڵێ، "سێ ساڵ بەسەر مەشقدانی یانەی ریال مەدرید تێپەڕیوە، ئەگەر لەسەر هەمان کار بەردەوام بوومایە، ئێستاش هەموو رۆژ دەبوو بیر لە کارەکەم بکەمەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "یاریزان و راهێنەربووم و بایەخم بەهەموو شت دەدا لە کارەکەمدا، بەڵام ئەمڕۆ وانیم و شتی دیکەم دەوێت".
 
زیدان کە خاوەنی چوار کوڕە، رایگەیاندووە، "چێژ لە ژیانم وەردەگرم و ئاگام لە منداڵەکانم و نەوەکانمە. لە ماوەی رابردوودا بوومە باپیرە و ئەوەش چێژێکی زۆرم پێدەبەخشێت. ژیانم کامڵە و ئەوەش بۆ من لە هەموو شت گرنگترە".
 
زیدان لە دوو ماوەی جیاوازدا مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ئەستۆ گرتووە و لە جاری یەکەمیاندا سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بەسەریەکەوە لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە، کە پێشتر هیچ یانەیەک و هیچ راهێنەرێک نەیتوانیوە ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە