زیدان هۆکاری رەتکردنەوەی مانچێستەر یونایتدی ئاشکرا کرد

09-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن زینەدین زیدان ریال مەدرید مانچێستەر یونایتد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسا و راهێنەری پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی، هۆکاری رەتکردنەوەی مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشکراکرد.
 
پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، زیزۆ چەندینجار مەشقدانی چەندین یانەی جیاوازی رەتکردووەتەوە، لە نێویاندا مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی.
 
زیدان پێشتر رایگەیاندبوو خەونی گەورەی مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسایە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەستی بەدیدێ دیشامی راهێنەرەوە گرتووە و ئەو راهێنەرە تاوەکو ئێستا لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە بەردەوامە.
 
زینەدین زیدان، لە نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی، ئاشکرایکردووە زمان هۆکاری سەرەکیی رەتکردنەوەی مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بووە.
 
پێشتر زیزۆ مەشقدانی هەریەکە لە بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رەتکردووەتەوە، لە دوایین هەوڵیشدا، زیزۆ بەمەشقدانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی رازی نەبوو.
 
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە هۆکاری رەتکردنەوەی مەشقدانی مانچێستەر یونایتد لەلایەن زیزۆوە پەیوەندی بەئاستی خراپی تیپەکە و پاشەکشەی گەورەیەوە هەیە، ئەمە جیا لە شکستی چەندین راهێنەر لەگەڵ ئەو یانەیە و ترسی زیزۆ لەدووبارەبوونەوەی سیناریۆی شکستی ئەویش لەگەڵ یانەکە، بەڵام زیدان هۆکاری رەتکردنەوەکە بۆ شتێکی دیکە دەگێڕێتەوە.
 
زیزۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێ، هەرچەندە زمانی ئینگلیزی تێدەگەم و دەتوانم قسەی پێبکەم، بەڵام لەسەدا سەد نییە، هەرلەبەرئەوە "من بەپێی پێویست لێهاتوو نیم لە زمانی ئینگلیزیدا، تاوەکو مەشقدانی تیپێک وەربگرم و سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنم کە ژینگەی گشتییەکەی زمانی ئینگلیزییە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "پەیوەندیکردن لەگەڵ یاریزانان و ئەوانیدیکەشدا کلیلی سەرکەوتنە، دواتر من پێمباشە لە ژینگەیەکدا ئیش بکەم و تێیدا قووڵ ببمەوە کە بەتەواوی و بێ کێشە بتوانم کاری تێدا بکەم و بەربەستی زمان لەبەردەممدا نەبێت".
 
ئەگەرچی چەندین راهێنەر وێڕای نەزانینی زمانی ئەو وڵاتەی کاریان تێداکردووە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام زیزۆ بەپێچەوانەوە بیردەکاتەوە و دەڵێ، "من بەجیاواز کاردەکەم، زۆر هۆکار هەن کە دەبێ لەبەردەستدابن بۆ ئەوەی لە یانەیەکدا کاربکەم، زمان یەکێکە لە هۆکارە گرنگ و یەکلاکەرەوەکان".
 
زیزۆ لە دونیا مەشقداندا تەنیا یەک ئەزموونی هەیە کە لەگەڵ ریال مەدریدی ئیسپانی بووە لە دوو ماوەی جیاوازدا لە نێوان 2016 تاوەکو 2018 و پاشانیش لە 2019 تاوەکو 2021 کە لەو ماوەیەدا سێجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و دوو خولی ئیسپانیای بەدەستهێناوە و بەشێوەیەکی گشتی وەک راهێنەر خاوەنی 11 نازناوە.
 
زیزۆ لەبارەی مانچێستەر یونایتدەوە بەدیاریکراوی دەڵێ، "ئایا حەزدەکەم لە ئۆڵدترافۆرد کاربکەم؟ من لە زمانەکە تێناگەم، دەزانم زۆر راهێنەر هەن دەچنە یانەیەک ئەگەرچی زمانەکەشی نازانن، بەڵام من جیاواز بیردەکەمەوە و ئەوەم ناوێت".
 
قسەکانی زیدان بێئومێدکردنی هەر یانە و هەڵبژاردەیەکە کە زمانی فەرەنسی، زمانی سەرەکیی قسەکردن نەبێت تێیدا.
 
زیزۆ بەهۆی یاریکردنی بۆ ریال مەدرید و کارکردن لەو یانەیە وەک راهێنەر، دەتوانێت بەباشی لە ئیسپانی تێبگات و قسەی پێبکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە