رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، رکابەرییەکی بەهێز هەیە بۆ هەڵبژاردنی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کە شوێنی دیدێ دیشام دەگرێتەوە، کە بەفەرمی رۆیشتنی لەدوای مۆندیالی 2026 لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان راگەیاند.
دیشام رایگەیاند کە کاتی ئەو هەنگاوە هاتووە، مەبەستی وازهێنانە لە پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە زینەدین زیدان شوێنی دەگرێتەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، رایگەیاندووە کە دیشام کە درێژترین ماوەی راهێنەرایەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسای بەسەربردووە، هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نادات، کە لەساڵی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام فیلیپ دیالۆی سەرۆکی یەکێتییەکە رایگەیاند، هێشتا زووە بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا هەڵبژێردرێت.
راهێنەری فەرەنسی تەمەن 56 ساڵ، لە ساڵی 2012 پۆستی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسای وەرگرت و شوێنی لۆران بلانی گرتەوە، کە لەساڵی 1998یشدا نازناوی مۆندیالی 1998ـی بەدەستهێنا، هەروەها سەرکردایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2018، ئەوەش دوای دوو ساڵ لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی ئەوروپا لەسەر خاکی خۆی .
دیشام پێش ئەوەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات، لەگەڵ هەموو ئەو یانانەی راهێنەرایەتییانی کردووە نازناوی بەدەستهێناوە، هەروەها نازناوی نەیشنسلیگی لە ساڵی 2021 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەدەستهێناوە.
زیدانی هاوڕێی پێشووی دیشام، کە لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 1998 بەرامبەر بەرازیل بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردییەوە و زیزۆ دوو گۆڵی تۆمارکرد، چەندینجار رایگەیاندبوو کە حەزدەکات راهێنەرایەتی فەرەنسا بکات دوای ئەوەی لە ریال مەدریددا کاروانێکی راهێنەرایەتی گەورەی کرد، کە سەرکردایەتی یانەکەی کرد سێ نازناوی لەسەریەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2016 تاوەکو 2018 بباتەوە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی لیکێپی فەرەنسی، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "زیدان دیارترین بەربژێرە بۆ جێگرتنەوەی دیشامپ وەک راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەتایبەتی کە راهێنەرە تەمەن 52 ساڵەکە ئێستا هیچ پابەندییەکی نییە و بێ کارە".
زینەدین زیدان، کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە ساڵی 2021 دوای وەرزێکی بێ نازناو، لەو کاتەوە راهێنەری هیچ تیپێک نەبووە، هەروەها چەندین دەستەوارەی یانە گەورەکانی ئەوروپای وەک مانچێستەر یونایتد و بایرن میونشنی رەتکردووەتەوە.
لە راپۆرتێکی دیکەی رۆژنامەی لی پاریسیاندا، هاتووە "هیچ بەربژێرێکی نزیکتر لە زیدان نییە، کە دەستنیشانکردنی بە راهێنەر رێژەی جەماوەریەتی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بەرز دەکاتەوە، بەپێی بۆچوونی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا".
میدیای فەرەنسا باس لەوە دەکات کە ئەگەری هەیە تێری هێنری هەوڵی خۆی بدات وەک بەربژێرێک، دوای ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنسای کرد بۆ بەدەستهێنانی میدالیای زیو لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس 2024، بەڵام سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، فیلیپ دیالۆ هیوای خواستبوو هێنری بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی تیپی خوار 21 ساڵانی فەرەنسا بکات بۆ یۆرۆی لاوانی 2025، بەڵام دەستی لە پۆستەکە کێشایەوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "ئەگەر هێنری بڕیار بدات خۆی بەربژێر بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، بەبێ گومان دەبێتە رکابەرێکی مەترسیدار بۆ خەونەکەی زیدان".
ئەو سەرچاوانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێشبینی ناکرێت یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا راهێنەرێکی بیانی دەستنیشان بکات، چونکە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە زیدان لە ماوەی چەند مانگێکدا راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ