رێباز عەبدوڵڵا بۆ رووداو: دەمەوێت لەگەڵ گەرمە نازناو ببەمەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئەستێرەکانی کورد خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-

رووداو هەولێر 

رێباز عەبدوڵڵا، گۆڵپارێزی ئێستای یانەی گەرمە و پێشووی یانەی هەولێر دەڵێ، لە یانەکەم ئاسوودەم و هەوڵدەدەم ببمەوە گۆڵپارێزی سەرەکیی تیپەکە. رێباز بەداخە بۆ دۆخی ئێستای یانەی هەولێر، یانەکەی پێشووی و دەڵێ، ململانێی کۆمەڵێک کەسایەتی کاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی یانەی هەولێر دروستکردووە. 
 
رێباز کە ماوەی نۆ ساڵ لە یانەی هەولێر یارییکردووە، بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک لەگەڵ گەرمە بەردەوامە و دەڵێ، "بیرم لە بەجێهێشتنی یانەی گەرمە نەکردووەتەوە و زۆر ئاسوودەم، لەبەرئەوەی زۆر رێزم دەگرن و وەک ماڵباتی خۆم سەیریان دەکەم، هەربۆیە بڕیارمداوە تاوەکو کۆتایی کاروانی وەرزشیم لە ریزی ئەو یانەیە بمێنمەوە".
 
وەکخۆی دەڵێ، رێباز هیواخوازە، لەگەڵ یانەی گەرمە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بباتەوە.
 
گەرمە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ محەممەد حەمید، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق واژۆکرد، هەموو یارییەکان وەک گۆڵپارێزی سەرەکی یارییدەکات و رێباز عەبدوڵڵا یەدەگە. رێباز دەڵێ، "من دەمەوێت هەموو هەوڵێکی خۆم بدەم کە بگەڕێمەوە وەک گۆڵپارێزی سەرەکی یاری بکەم و خۆم بسەلمێنم، پەیوەندییەکی جوان لەنێوان من و محەممەد حەمید هەیە و رێزی یەکتر دەگرین، خەونی گەورەشم ئەوەیە ببمە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق". 
 
رێباز عەبدوڵڵا 33 ساڵ، سەرەتای دەرکەوتنی لە یانەی برووسک بوو، دواتر رۆژانی زێڕینی لەگەڵ یانەی هەولێر بوو، نازناوێکی خولی نایابی کوردستانی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە و دواتر وەک گۆڵپارێزی تیپی خولی عێراق رۆژانێکی دوورودرێژی لەگەڵ درێس زەردەکان بەڕێکردووە.
 
رێباز ئەگەرچی چەند ساڵێکە لە یانەی هەولێر نەماوە، بەڵام هێشتا ئاگاداری دۆخی یانەکەی پێشوویەتی و دەڵێ، "زۆر بەداخەوە بۆ یانەی هەولێر کە دۆخی بەمڕۆژە گەیشتووە، من بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخیان دەکەم، چونکە لەو یانەیەوە پێگەیشتووم، یانەیەکی گەورەیە و هاوشانی جەوییە و زەورایە، مخابن ململانێی کۆمەڵێک کەسایەتی، کاریگەریی لەسەر تیپ و باری دارایی یانەی هەولێر دروستکردووە".
 
یانەی گەرمە، لە وەرزی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و تاوەکو ئێستا، بەکۆکردنەوەی 15 خاڵ لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە