یاریزانانی خولی فەرەنسا بڕیارە قورسەکەیان قبوڵکرد

08-04-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی فەرەنسا ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرپرسان و یاریزانانی هەردوو خولی پلە یەک و دووی فەرەنسا، لەسەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان بەشێوەیەکی کاتی رازیبوون، بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکانیان بکەن لەو بارودۆخە سەختەدا کە بەهۆی کۆرۆناوە پێیدا تێدەپەڕن.

سەرۆکی سەندیکای یاریزانان، فیلیپ بیات لەلێکدوانێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەم بیرۆکەیەمان پەسەندکرد، یاریزانەکان بەشێکی مووچەی مانگی نیسانیان وەرناگرن بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکانیان بکەن بۆ دەرچوون لەم قەیرانەدا.

فیلیپ زیاتر گوتی، ئەمە کۆششێکی کاتییە، بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.



بیات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی ئابووری کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی دوایین وردەکارییەکان بزانن، دوای ئەوە لەگەڵ نوێنەری یانەکان و یاریزانان گفتوگۆیان کردووە و ئەوانیش لەسەر ئەوە رێککەوتوون بۆ ئەوەی مووچەکانیان کەمبکەنەوە،کە ئەو کاتە بەشەکەی دیکەیان وەردەگرن کە پارەی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنی یارییەکان دەدرێت، کە ئێستا راگیراوە، ئەم زانیارییانەش لەلایەن هەردوو رۆژنامەی لوموندۆ و لێکیپی فەرەنسییەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

خولی فەرەنسا هاوشێوەی خولەکانی دیکەی جیهان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە و دیارنییە کەی خولەکە دەستپێدەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە