رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەواڵەکەی رانەگەیاندووە، ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرابوو.
یانەی ساوپاڵۆی بەرازیلی، بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی دوریڤال جونیۆر، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و دەڵێت "لە پێناو پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە لە یانەکەمان دەڕوات."
دوریڤال دوای بەجێهێشتنی یانەکە گوتی "دەمویست یەکێک لە خەونەکانم بەدیبهێنم، کە بەبێ متمانە و هاوکاریی بەرپرسانی یانەی ساوپاوڵۆ بەدی نەدەهات."
ئەو راهێنەر زیاتر گوتی "دەمەوێت سوپاسی هاندەران بکەم بۆ ئەو هەست و خۆشەویستییەی پێشانیاندام."
ساوپاوڵۆ لەکاتێکدا ناوی دوریڤال وەک راهێنەری داهاتووی بەرازیل راگەیاند، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە بڕیارییدا فێرناندۆ دینیز، لە راهێنەرایەتیی سیلیساو دووربخاتەوە.
پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی نزیکترین راهێنەر بوو، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی سامبا وەربگرێت، بەڵام راهێنەرەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێکردەوە و خەونی بەرازیلییەکان بۆ بەدەستهێنانی کارلۆ نەبووە راستی.
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دۆخێکی ئاڵۆز و خراپدایە، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، لە کۆی 10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور لە پلەی شەشەمی ریزبەندە.
جونیۆر دوریڤال تەمەنی 61 ساڵە، پێشتر ماوەی 17 ساڵ یاریزان بووە، لە ساڵی 2002ـەوە کاری راهێنەرایەتیی دەکات، بەڵام لە ماوەی 22 ساڵی راهێنەرایەتیکردنیدا لە بەرازیل نەچووەتە دەرەوە و راهێنەرایەتیی بەشی هەرە زۆری یانەکانی وڵاتەکەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ