گورزێکی کوشندە بەر بەرازیل کەوت

19-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل نەیمار دا سێلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆدریگۆ بافیا، گوتەبێژی هەڵبژاردەی بەرازیل رایگەیاند، نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەکە، لە دەرەوەی بیرکردنەوەی دەستەی مەشقدەرانی هەڵبژاردەکەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆپا ئەمێریکای داهاتوو.
 
مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ئەمریکا میوانداریی کۆپا ئەمێریکا دەکات. بافیا گوتی نەیمار بەشداریی لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەدا ناکات، ئەمە شتێکی نیمچە فەرمییە، چونکە چاکبوونەوەی ئەو لەو پێکانەی تووشی بووە، تاوەکو ئەوکاتە، بەتەواوی کۆتایی نایەت.
 
گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێ، "لەوانەیە چاوەڕێ بکەین نەیمار بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بگەڕێتەوە و ئامادەبێت بۆ یارییکردن".
 
میدیای سعودی ئاشکرایانکردووە، ریکاردۆ رۆزا، راهێنەری جەستەیی یاریزانەکەی هیلالی سعودی، سەرپەرشتی قۆناخی سێیەمی چارەسەر وەرگرتنی ئەو ئەستێرەیە دەکات.
 
نەیمار کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە هیلالی سعودییەوە کرد، رۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو و بەهۆیەوە نەشتەرگەری ئەنجامدا.
 
نەشتەرگەرییەکەی نەیمار سەرکەوتوو بوو، قۆناخی ئامادەسازیی دەستپێکرد و لە رۆژانی رابردوودا گەڕایەوە سعودیە بۆ درێژەدان بەچارەسەرکردنی پێکانەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە