رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا روونکردنەوەی گرنگ دەدات سەبارەت بە ژمارەی رێپێدراوی هاندەرانی هەڵبژاردەکەیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کوێت.
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردەی عێراق لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی کوێت دەبێتەوە و لە یاریگەی جابر ئەحمەد لە پایتەختی ئەو وڵاتە، یاری نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیە بە دێربیی کەنداو ناودەبرێت و یەکێکە لە یارییە چێژبەخش و پڕ رکابەرییەکان.
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەو بڵاوبووەوە کە کوێت رێگەنادات زیاتر لە 200 هاندەری عێراقی بڕۆنە ئەو وڵاتە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لە مافی عێراق بەپێی رێنوێنییەکانی فیفا دەکاتەوە کە 8٪ـی هاندەرانە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان و گوتی "دەمانەوێت ئەوە روون بێت کە بەشی هاندەرانی عێراق لە یاریگە بۆ یارییەکەی بەرامبەر کوێت لە 10ی ئەم مانگە 5 هەزار هاندەرە و کەس بۆی نییە دەستی بۆ ببات، ئەوەش رادەگەیەنین کە دەنگۆی تەواوبوونی بلیتی تایبەت بە هاندەرە عێراقییەکان دوورە لە راستییەوە."
لەبەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە "داواکارین لە میدیاکان هەواڵەکان بە شێوەیەکی راستگۆیانە بگوازنەوە و دوور بن لە نانەوەی پشێوی لە نێوەندی وەرزشی لە کاتێکدا پێویستە هەمووان بەیەکەوە پشتگیری هەڵبژاردەی عێراق بکەین بۆ بەدیهێنانی خەونی ملیۆنان کەس و گەیشتن بە مۆندیال و دووبارەکردنی دەسکەوتی مەکسیکۆی 1986"
عێراق لە یەکەم یارییدا لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە بەسرە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە عومانی بردەوە، لەسەر داوای خیسوس کاساس، راهێنانەکانی عێراق لە بەسرە بەردەوامدەبن، تاوەکو رۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکەیان بەرامبەر کوێت و رۆژی دووشەممە دەچنە ئەو وڵاتە.
مەشقەکانی ئەمڕۆی هەڵبژاردەکە لە بەسرە کراوە دەبن و رۆژی یەکشەممە دوور لە چاوی میدیاکان، هەڵبژاردەکە درێژە بە ئامادەکارییەکانی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ