رووداو دیجیتاڵ
دوای تێوەگلانی لە دۆسیەی رفاندن و ئەشکەنجەدانی بازرگانێکی جەزائیری، پۆلیسی فەرەنسا هەڵی کوتایە سەر ماڵەکەی ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
میدیای فەرەنسی بڵاویانکردەوە، پۆلیسی فەرەنسا ماڵی سەرۆکی پاریس سانجێرمان و تۆڕی کەناڵی بی ئێن سپۆرتسی قەتەری ناسر خلێفی پشکنیوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی رفاندن و دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی بازرگانێکی فەرەنسی-جەزائیری لە وڵاتی قەتەر.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکە کە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، زانیارییەکان پشتڕاست دەکاتەوە و بابەتی تێوەگلانی خلێفی لەم دۆسیەیەوە ئێستا لە دادگای پاریسە و کاری لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی یانەی پایتەختی فەرەنسا دەڵێت: دادوەری لێکۆڵینەوە داوای زانیاری زیاتری کرد، کە بە تەواوی و بە روونی و بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتداران پێی دراوە، هەروەک چۆن هەر لەسەرەتاوە وابووە.
یەکێک لە پارێزەرانی ناسڕ خلێفی لەلایەن فرانس پرێسەوە چەند پرسیارێكی ئاڕاستەکرا بەڵام ئەو نەیویست هیچ لێدوانێک بدات.
پشکنینەکە کە لەلایەن پۆلیسی دادوەرییەوە ئەنجامدراوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان بووە کە لە کۆتایی مانگی یەکدا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی تەیب بن عەبدولڕەحمان (تەمەن 42 ساڵ) سکاڵایەکی لەگەڵ داواکاری مافی هاونیشتیمانیدا پێشکێش کرد، لەم سکاڵایەدا بن عەبدولڕەحمان دەستگیرکردنی خۆی لە مانگی یەکی ساڵی 2020 لە قەتەر پشتڕاستکردەوە، کە بەر لە سێ مانگ لە دەستبەسەرکردنی بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی رێگەپێدراو بۆ وڵاتەکە چووبووە قەتەر.
بن عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ماوەی شەش مانگ دەستبەسەر کراوە و لەلایەن پیاوانی ئاسایشی ناوخۆییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو بەڵگەنامانەی کە لایبووە و پەیوەندی بە ناسڕ خلێفییەوە هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، رفێندراوە و ئەشکەنجەدراوە، پرسیاری زۆریان دەبارەی چەند بەڵگەنامەیەک لێکردووە کە دژی ناسڕ خلێفی بوون و دواجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رێگەی پێدراوە قەتەر بەجێبهێڵێت دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی نهێنی کە بەڵێنیداوە ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا نەکات.
پارێزەرانی خلێفی لە مانگی نیساندا رایانگەیاندبوو کە بەنیازن داوای یاسایی دژی ئەو بازرگانە جەزائیرییە تۆماربکەن بە تۆمەتی ناوزڕاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ