ئەستێرەیەکی پێشووی عێراق بۆ رووداو: شورتە نەدەبووایە لە هەولێر ئاڵای عێراق بەرزبکاتەوە

06-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەحمەد دەحام یانەی شورتە یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەستێرەیەکی پێشووی تۆپی پێی عێراق، رەخنە لە یانەی شورتە و جەماوەرەکەی دەگرێت، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر روویدا.
 
ئەحمەد دەحام، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، دووپاتیکردەوە کە هاندەرانی یانەی شورتە مافی ئەوەیان نییە لەنێو یاریگەی هەولێردا ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە، گوتیشی "من ئەو قسەیەم کردووە و سووریشم لەسەر ئەوەی کە نەدەبووایە هاندەرانی شورتە لەنێو یاریگەی هەولێردا ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە".
 
لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق، هەردوو یانەی هەولێر و شورتە لەسەر یاریگەی فرەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی زیاتر لە 10 هەزار هاندەران رووبەڕووی یەکبوونەوە، هەولێر گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام یارییەکە بە شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە تەواوبوو، کە یانەی شورتە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هاندەرانی یانەی هەولێر قبوڵیان نەکردووە ئاڵای عێراق لەنێو یاریگەی هەولێردا بەرزبکەنەوە، پارێزگار و سەرۆکی یانەی هەولێریش رەتیانکردەوە هۆکاری ئەو شەڕە ئاڵای عێراق بووبێت.
 
ئەحمەد دەحام، بە رووداوی گوت "من گوتوومە و دووپاتیدەکەمەوە کە بۆچی ئاڵای عێراق لەنێو یاریگەی هەولێردا بەرزدەکەنەوە، ئەوە یاریی نێوان دوو یانەی عێراقییە، چ پێویست دەکات ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە، یانەکانی عێراق بەرامبەر یەکدی دەبێت لۆگۆیەکانیان بەکاربهێنن نەک ئاڵا".
 
کاپتن دەحام هەروەها گوتیشی "ئێوە هاتوون بەرامبەر کوەیت یان سعودیە یاری بکەن تاوەکو ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە؟! کەی یانەکانی عێراق بەرامبەر یانەکانی قەتەر، سعودیە یان کوەیت یارییان هەبوو دەتوانن ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە، خۆ ئێوە قەدۆری و مەهدی نین".
 
ئەو هێرشبەرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی رەشید و کەرخ، بۆ رووداو باسی ئەوەی کرد کە لە لایەن سۆشیال میدیای عێراقییەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، گوایە گوتوویەتی نابێت ئاڵای عێراق بەرزبکرێتەوە، گوتی "من قسەی هەقم کردووە، دەبێت هەموومان لە کاتی ئەو رووداوانەدا قسەی خێر بکەین و نەهێڵین گرژییەکە زۆرتر بێت".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە خۆی چەندینجار سەردانی کوردستانی کردووە و بینیویەتی کە لە هەموو دامودەزگاکانی هەرێم ئاڵای عێراق و کوردستان پێکەوە دانراوە و گوتی "کە وابێت، بۆچی هاندەرانی هەولێر دژی ئاڵای عێراق دەبن؟! خۆ هەموو حیزبەکانی کوردستانیش لە بارەگاکانی خۆیاندا ئاڵای عێراقیان داناوە". هەروەها گوتیشی "باشە تیپێک کە دۆڕاوە، چۆن دەبێت بچێتە نێو یاریگە و ئاهەنگ بگێڕێت، مەگەر مەبەستێکی دیکەی هەبووە".
 
لە یاریی هەولێر و شورتە، کە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 4-3 لە بەرژەوەندی هەولێر کۆتاییهات، راستەوخۆ دوای فیکەی کۆتایی ناوبژیوان، بەشێکی هاندەرانی یانەی شورتە بەسەر تەڵبەندی یاریگە پەڕینەوە نێو یاریگە و گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێو هاندەران روویدا.
 
سەرەتای چیرۆکەکە بەوە دەستیپێکرد، هاندەرێکی یانەی شورتە بە ئاڵای عێراقەوە چووە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری و بە یاریگەدا سوڕاییەوە و ئەمەش پەرچەکردارێکی خێرای هاندەرانی یانەی هەولێری بەدوای خۆیدا هێنا و چەند هاندەرێک هێرشیانکردە سەر هاندەران و بەوەش هاندەرانی یانەی هەولێر لە دڵخۆشیی بردنەوەی یارییەکە و هاندەرانی یانەی شورتەش بە توڕەیی دۆڕانیان لە یارییەکەدا بەگژیەکدا چوونەوە و شەڕ و ئاژاوەیەکی زۆر لەنێو یاریگەدا دروستبوو.
 
هەر زوو هاندەرانی تۆپی پێی عێراق بە گشتی و یانەی شورتە بەتایبەتی لە سۆشیاڵمیدیا هەزاران کۆمێنت و پۆست لە دژی یانەی هەولێر کران، بەبیانووی ئەوەی کە سووکایەتی بە ئاڵای عێراق کراوە و چەند هاندەرێکی یانەی شورتە بریندارکراون.
 
لە بەرامبەر ئەمەدا، یانەی هەولێر روونکردنەوەیەکی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک دوور و نزیک رووداوەکە پەیوەندیی بە ئاڵای عێراقەوە نەبووە و هیچ کەسێکیش لە ئەنجامی ئەو شەڕەی نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا بریندار نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە