ئەمشەو دێربیی بادینانە و قاسمیش میوانی هەولێرە

06-04-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی زاخۆ یانەی دهۆک دێربیی بادینان
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی دهۆک دەکات، یانەی هەولێریش دوور لە هاندەرانی میوانداری قاسم دەکات. 
 
دێربیی بادینان بەهێزترین یاری ئەم گەڕەی خولەکەیە، ئەمشەو کاژێر 21:30 چاوەکان هەموو لەسەر یاریگەی زاخۆ دەبێت لەو کاتەی چاوەڕواندەکرێت بە ئامادەبوونی زیاتر لە 30 هەزار هاندەر زاخۆ میوانداریی دهۆک بکات، بەپێی رێککەوتنی هەر دەستەی کارگێڕیی هەردوو یانە لەم یارییەدا هاندەرانی یانەی دهۆک ئامادە نابن لەپێناو سەلامەتی و دوورکەوتنەوە لە ئەگەری دروستبوونی توندوتیژی و ئاژاوە لە یارییەکەدا. 
 
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی بەسەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری پیشانداوە، درێس سوورەکانی خابوور کە 33 خاڵیان هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقن شەوی رابردوو دواین یەکەی راهێنانیان لەسەر یاریگەی خۆیان ئەنجامدا. 
 
تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند" بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەین بۆ یارییەکە و دەزانم یارییەکە گرنگە بۆ هەر دوو تیپ، هیوام وایە ئاستێکی باش پیشانبدەین کە لە ئاست نێوبانگی یاری دێربی و زاخۆ بێت، داواکارم هاندەران بەشێوەیەکی زۆر باش پاڵپشتیمان بکەن، خواستی من ئەوەیە یارییەکە چێژی هەبێت و 3 خاڵی یارییەکە ببەینەوە". 
 
لای خۆیە یانەی دهۆک دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا توانی یانەی جەوییە تووشی یەکەم دۆڕاندن لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات، بۆ ئەم یارییە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، دهۆک بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە. 
 
ئەحمەد خەڵەف، راهێنەری یانەی دهۆک بۆ رووداوی روونکردەوە "بەبایەخێکی زۆرەوە لە یارییەکە دەڕوانم بردنەوەمان لە جەوییە موراڵێکی گەورەی بەخشیە یاریزانان و دەمانەوێت بەهەمان ئاست لە یاری دێربی بادینان دەربکەوین". 
 
لە مێژوودا یانەی دهۆک و یانەی زاخۆ 22 یاریی دێربیان لە خولی عێراق پێکەوە ئەنجامداوە، یانەی دهۆک 6 یاری بردووەتەوە و یانەی زاخۆ 2 بردنەوەی هەیە، لە 14 یاریشدا هەر دوو یانەی یەکسانبوون. 
 
هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر لە یاریگەی نێودەوڵەتی مەدینەی شاری بەغدا میوانداریی یانەی قاسم دەکات، دەبووایە ئەم یارییە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی سزادانی یانەی هەولێر لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە یارییەکە گواسترایەوە شاری بەغدا. 
 
هەولێر لە 3 یاری رابردوویدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەیبردووەتەوە، لەم یارییەشدا شێرکۆ کەریمی ئەستێرە و کاپتنی تیپەکە بەهۆی پێکان ناتوانێت بەشداری بکات. 
 
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر لەسەر بارودۆخی یارییەکە تەنیا قسەی بۆ تۆڕی میدیای رووداو کرد، گوتی "سوپاس بۆ خوای گەورە شانازی بەوە دەکەم کە راگەیاندنەکان و هاندەران شاهێدی بۆ ئەوە دەدەن کە ئاستی تیپەکەم بەرزە و لە بەشێکی زۆری یارییەکاندا یاری تۆپی پێی راستەقینە ئەنجامدەدەین و مەترسی لەسەر تیپی بەرامبەرمان زۆر دروستدەکەین و یاریزانەکان خۆیان ماندوو دەکەن، بەڵام کێشەی سەرەکیمان لە هێڵی هێرشبەر و بوونی پێکانێکی زۆرە گەر سەیر بکەین محەممەد قاسم تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە و یاسین سامیە ئامادە نییە لەگەڵ شێرکۆ کەریم بەهۆی پێکان، بەڕاستی دەناڵێنین بەهۆی زۆری پێکانی یاریزانانی هێڵی هێرشبەرمان، لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەمان مۆڕاڵی بەرزە و لە رووی توانای جەستەوە باشین ". 
 
لە خولی نایابی کوردستان، یانەی هەولێر ئاستێکی خراپی پیشاندا بەشێوەیەک ترسی دابەزینی بۆ خولی پلەیەکی کوردستان هەبوو، هەربۆیە بەرپرسانی یانەکە بەناچاوی لە دوو گەڕی رابردووی خولەکە یارییان بە زیاتر لە 7 یاریزانی تیپی خولی عێراقی یانەکە کرد و ئەنجامی یارییەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوکرد. 
 
راهێنەری یانەی هەولێر جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە "کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە کە تیپی خولی کوردستان شەش تا حەوت یاریزانمان لێدەبەن و ئەمەش بۆ ئێمەی راهێنەر کێشە دروستدەکات  کە نیوەی تیپەکەمان لە راهێنانەکان دوور بن و یاریزانان زیاتر ماندوودەبن، لەسەر ئەم لایەنە قسەم لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی کردووە و ئەوەش دەزانم کە بەشێکی زۆری یانەکانی کوردستان وان، ئێمە خاوەن ژمارەیەکی زۆری یاریزان نین و رۆیشتنی ئەو یاریزانانە و یاریکردنیان لە خولی کوردستان کاریگەری خراپ لەسەر تیپەکەم دروستدەکات و یاریزانەکان بەهۆی ماندوێتیان لە گێمی دووەم ئاستیان باش نابێت، هیوام وایە هاندەران ئارام بگرن و هەر لە سەرەتاوە باسی ئەوەم کرد وەرزی ئەمساڵ تەنیا دەمانەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بمێنینەوە بۆ داهاتوو ئاستمان باشتر دەبێت". 
 
یانەی هەولێر 23 خاڵی هەیە لە پلەی چواردەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە. 
 
هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن: 
 
حدوود - کەربەلا 
مینا - کەرخ 
 
ئێستا یانەی شورتە بەکۆکردنەوەی 48 خاڵ لە پلەی پێشەنگی خولەکەیە، یانەی جەوییە هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە