رووداو دیجیتاڵ
یونس مەحموود ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی عێراق و جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەڵێ، خولی ئەستێرەکانی عێراق درۆیە، قەرزێکی زۆریش لەسەر فیدراسیۆنەکە کۆبووەتەوە و ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم سەرۆکی داهاتووی فیدراسیۆنەکەدا.
یونس کە یەکێکبووە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی تۆپی پێی عێراق، رەخنەی تووندی لە شێوازی کارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێ گرتووە، لە کاتێکدا خۆی کەسی دووەمی فیدراسیۆنەکەیە.
یونس خاوەنی گۆڵی سەرکەوتنی عێراقە بەرامبەر سعودیە لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2007 کە عێراق بۆ یەکەمجار و تاکەجار تاوەکو ئێستا، لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بەدەستهێنا.
یونس ئاشکرایکردووە خەونی ئەو بوون بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نییە، بەڵکو هەوڵدەدات بۆئەوەی ببێتە خاوەنی بڕیارە کاریگەرەکان لە بەڕێوەبردنی تۆپی پێی عێراق.
ئەو ئەستێرەیەی پێشوو ئاشکرایکردووە، پۆستی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دەسەڵاتی راستەقینەی پێنەبەخشیووە، چونکە ئەندامانی فیدراسیۆنەکە بڕیارێکیان واژووکردووە کە تێیدا هاتووە هەر بڕیارێکی پەیوەست بەهەڵبژاردەی عێراق، راستەوخۆ لەگەڵ عەدنان درجالی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە رێکەوتنی لەسەر دەکرێت، بەبێ پێویستیی گەڕانەوە بۆ نووسینگەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنەکە.
یونس مەحموود دەڵێ، خولی ئەستێرەکانی عێراق، "خولێکی درۆیینەیە"، ئاماژەی بەوەداوە کە یاریزانانی عێراق، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی وەرزشیی گونجاو لە وڵاتەکە، یارییکردنیان لە دەرەوە لاپەسندترە.
جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رەخنەی لە دابەشکردنی داهاتە داراییەکانی مافی پەخشی تەلەڤیزیۆنیی خولەکە گرتووە و دەڵێ، تەنیا 20 لەسەدی بۆ فیدراسیۆنەکەیە و 80 لەسەدی بۆ دەستەی لالیگایە.
ئەو رەخنەی راستەوخۆ لە رێکەوتنی نێوان خولی ئەستێرەکانی عێراق و لالیگا دەگرێت کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان هەردوولادا بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێی عێراق کاری پێدەکرێت و دەڵێ، "ساڵی جارێک، یان شەش مانگ جارێک، خاڤیێر تێباس (سەرۆکی دەستەی لالیگا) دێت و پارەکە دەبات و دەڕوات، بەبێئەوەی هیچ پشتگیرییەکی راستەقینەی تۆپی پێی عێراق بکات".
یونس بەلایەوە سەیرە کە هیچ نوێنەرێکی ئیسپانیا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بوونی نییە، یان لانیکەم دەستەی لالیگا، نووسینگەیەکی لە بەغدا نییە، وەکئەوە دەڵێ، ئەوە "پرسیاری زۆر لەبارەی ئەو هاوبەشییەوە دروستدەکات کە لەنێوان خولی عێراق و لالیگادا هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ