گەڕی چوارەمی خولی عێراق بە یاریی یانەکانی کوردستان دەستپێدەکات

09-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی گەڕێکی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، سێ یانەی کوردستان لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولەکە دەردەکەون، دووانیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن و ئەرکیان قورسە.
 
کاژێر 15:00 لە شاری سلێمانی، یانەی نەورۆز دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بە یانەی قوە جەوییە دۆڕا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی مینای شاری بەسرە دەکات.
 
نەورۆز سێجار بەرامبەر یانەی مینا یاریی کردووە، هیچ یارییەکی لە رکابەرەکەی نەبردووەتەوە، دووجار لەگەڵیدا یەکسانبووە و جارێکیش دۆڕاوە، ئەمڕۆ تیپەکەی وەلی کەریم دەیەوێت یەکەم سەرکەوتن بەرامبەر ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت و دوای دۆڕانی سەرەتای ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان و سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
 
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی لە سێ گەڕدا بە دوو دۆڕان و بردنەوەیەک خاوەنی سێ خاڵە، بەڵام یانەی مینای رکابەری لە یاریی رابردوودا بەهۆی کەمی ژمارەی یاریزانەکانی یارییەکەی بەرامبەر یانەی شورتە تەواو نەکرد و تەنیا 7 یاریزانی هەبوو، لە سێ گەڕی رابردووشدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە بەبێ هیچ خاڵێک.

یانەی نەورۆز

 
لە یارییەکی دیکەدا کە لە شاری نەجەف بەڕێوەدەچێت، کاژێر 19:00 یانەی دهۆک کە تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی نەفت وەسەت دەبێتەوە.
 
دهۆک باشترین یانەی کوردستانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوای ئەنجامدانی سێ گەڕ، ئێستا یانەکە خاوەنی 7 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکەی سلێمان رەمەزان دەیەوێت درێژە بەو دەستپێکە باشەی بدات کە لە خولەکەدا هەیانە.
 
یانەی دهۆک لە دوای ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا سێ یاریی بەرامبەر یانەی نەفت وەسەت ئەنجامداوە، یارییەکی دۆڕاندووە و لە دوو یارییشدا یەکسانبوون.

یانەی دهۆک
 
یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی زەورا دەبێت، کاتێک ئەمشەو کاژێر 21:30 هەردوو یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراق و یانەی هەولێری خاوەنی پلەی دووەمی جامی عێراق رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
هەردوو یانە رۆژی چوارشەممە دوایین ئامادەکارییان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، هەولێر لە یاریی رابردوودا لە یانەی کارەبای بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەدا بەدەستهێنا، بەڵام شورتە بەبێ ماندووبوون لە یانەی مینای بردەوە، دوای ئەوەی رکابەرەکەی لە یارییەکە کشایەوە.
 
بەر لەم یارییە هەولێر خاوەنی 4 خاڵە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی شورتە شەش خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
لە ساڵی 2015ـەوە یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی شورتەی نەبردووەتەوە، ئەمڕۆ پاسەوانانی قەڵا دەیانەوێت ئەو گرێیە بکەنەوە و دوووەم بردنەوەی لەسەریەک لە خولەکەدا تۆماربکات.
 

یانەی هەولێر

یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە هەردوو کۆمێنتاری کوردی عەبدولسەمەد خۆشناو و کۆمێنتاری عەرەبی لاوین هابیل، لە هەردوو پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداو عەرەبی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راستەوخۆ دەگوازرێنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە