رۆناڵدۆی نوێ هەڕەشە لە رۆناڵدۆی رەسەن دەکات

05-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ڤیکتۆر یۆکێرێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەسڕی سعودی بە وەرزێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لەسەرەتای ئەم وەرزدا لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودی بە چوار گۆڵ بە هیلال دۆڕا، پێش ئەوەی لە خولی رۆشن 4 یاری یەکسان بێت، و ماڵئاواییشی لە جامی شای سعودی کرد.
 
ئەم دەستپێکردنە لەرزۆکەی وەرزی نەسڕ پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالییەوە هەیە، کە لەم ماوەیەی دواییدا رەخنەی زۆری لێگیراوە، تا ئەو راددەیەی بەشێک لە هاندەرانی نەسڕ دەستیان کردووە بە داواکردنی رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانەکەیان و هێنانی ڤیکتۆر یۆکێرێش، هێرشبەری ئێستای یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالی.
 
هەندێک یۆکێرێش بە "رۆناڵدۆی نوێ" نێودەبەن، هەرچەندە تەمەنی 26 ساڵە، بەڵام بوونی یاریزانێکی هێرشبەر لە ریزەکانی سپۆرتینگ لیشبۆنە کە لە یاریکردن بە هەردوو قاچی باشە، وای لێدەکات بەراورد بکرێت لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی.
 
یاریزانە سوێدییە تەمەن 26 ساڵەکە، لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپەکەی سپۆرتینگ لیشبۆنە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات بەتایبەت لە خولی پۆرتوگالی.
 
یۆکێرێش بەشداری لە 10 یاری خولەکەدا کردووە، کە تێیدا 16 گۆڵی تۆمارکردووە، و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە، بەجیاوازییەکی زۆر لەپێش نزیکترین رکابەرەکانییەوەیە.
 
یاریزانە سوێدییەکە لەم وەرزەدا لە 4 یارییدا کە لەنێوان چامپیۆنزلیگ و جامی پۆرتوگال ئەنجامیداون، 4 گۆڵی دیکەی تۆمارکردووە، هەروەها 4 ئەسیستیشی هەیە.
 
چەندین سوودی تەکنیکی
 
لە ئەستێرەی ئێستای سپۆرتینگ لیشبۆنەدا چەندین سیفەت هەیە، کە وایانکردووە زۆر لە یانە ئەوروپییەکان چاودێری بکەن، بەڵام بەهێزترین سیفەتی کە وایکردووە کوالیتییەکەی بەرز بکاتەوە، توانای ئەوە لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بەسەرکەوتوویی.
 
یۆکێرێش 33%ـی کۆی ئەو دەرفەتانەی کە بۆی دەڕەخسێن بە گۆڵکردن کۆتاییپێدێنێت، و نزیکەی پێنج لێدانی لە گۆڵدا هەیە لەگەڵ ئەرێنییەکی زۆر لە هەر یارییەکدا.
 
هەروەها یاریزانەکە توانایەکی گەورەی هەیە لە بڕینی یاریزانی بەرامبەر، ئەمەش دەرفەتی زیاتری بۆ دەڕەخسێنێت، کە لە هەر یارییەکدا بەتێکڕایی 2.5 بڕینی هەیە، واتا رێژەی سەرکەوتنی لە بڕینی یاریزانان لە هەر یارییەکدا 51%ـە لە خولی پۆرتوگال. 
 
رۆناڵدۆی نوێ خاوەنی هێزێکی جەستەیی گەورەیە و لە بردنەوە لە ململانێی دووانەدا نزیکەی 50٪ سەرکەوتووە چ لە ئاسمانەوە بێت یان زەمینی، واتا بەڕێژەی 6.3 تۆپ لە هەر یارییەکدا.
 
هەندێک کەس پێیانوایە یاریزانێک کە ئەم تایبەتمەندیانەی هەبێت کاتێکی نەدەبوو بۆ دروستکردنی یاری، بەڵام بە تێکڕا دوو پاسی سەرەکی لە هەر یارییەکدا و بە کۆی گشتی چوار پاسی مەترسیدار لە خولی پۆرتوگالدا، هێرشبەرە سوێدییەکە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
 
جگە لە هەموو ئەمانە، یاریزانەکە توانایەکی باشی لە کۆنترۆڵکردنی تۆپ هەیە و لە رووبەڕووی دووانەدا بەئاسانی نادۆڕێت.
 
 
هەڕەشەکانی لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ
 
گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، چەند رۆژێکیشە بەشێک لەهاندەرانی نەسڕ بەهاشتاگی "یۆکێرێش_داواکاری_نەسڕاوی# داوایانکردووە ئەو ئەستێرە سوێدییە بگوازنەوە یانەکەیان.
 
بەدڵنیاییەوە پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە سوێدییە بە یانەی نەسڕەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە یانەکە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە مێژووی یارییەکەدا لەدەستبدات، بەڵام ئایا کارگێڕیی تیپەکە چ بڕیارێک دەدات؟ ئەمە لە هەفتەکانی داهاتوودا روون دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە