نەیمار بەر لە 10 ساڵ کەتنێکی دیکەی کردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا گابرێلا گاسپار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خانمێکی هەنگاری، بۆ سەلماندنی باوکایەتی کچەکەی بەدوای نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلیدا دەگەڕێت و دەڵێت "کچێکی تەمەن 10 ساڵانم هەیە و نەیمار باوکیەتی، بەڵام نایەوێت دانی پێدابنێت". هەروەها دەشڵێت "لە رێگەی دادگاوە دەیسەلمێنم کە نەیمار باوکی کچەکەمە".
 
ژیانی ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی و یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل، پڕە لە کێشە و ئازار لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگاکان.
 
گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی سامبا، لەکاتێکدا دەیەوێت لەو پێکانە سەختەی چاکببێتەوە کە ساڵی رابردوو تووشی بوو، و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لە یاریگاکان دوورکەوتووتەوە، خۆی لەنێو کێشەیەکی نوێدا دەبینێتەوە کە ئەمجارەیان لەسەر "سەلماندنی باوکایەتی"ـیە و لایەنەکەی دیکەش خانمە مۆدێلێکی هەنگارییە بەناوی گابرێلا گاسپار.
 
بەگوێرەی میدیاکانی بەرازیل، گابرێلا گاسپار رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستاش بەدوای ئەستێرەی هیلالی سعودیەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە باوکی کچە 10 ساڵانەکەیەتی بەناوی جازمین.
 
ئەو مۆدێلە هەنگارییە بانگەشەی ئەوە دەکات کە نەیمار باوکی جازمینی کچەکەیەتی، لەکاتێکدا ساڵانێکە هەوڵی سەلماندنی ئەمە دەدات بە پەنابردن بۆ دادگاکان و هەوڵدان بۆ ناچارکردنی نەیمار بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەوەی کێشەکە بەشێوەیەکی بایۆلۆجی چارەسەر بکات.
 
ماڵپەڕی بەیبی مامە لێدوانی گابرێلا گاسپاری بڵاوکردەوە، کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی نەیمار یان هەر یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەی دان بە پەیوەندییەکانیاندا بنێن لەگەڵ جازمین.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "بەداخەوە هیچ وەڵامێکم لەلایەن نەیمار و خێزانەکەیەوە وەرنەگرتووە، هەموو رۆژێک چاوەڕێی ئەوە دەکەم یەکێکیان بۆ جازمین بنووسن و پەیوەندی لەگەڵیدا بکەن، وێنەی جازمینم بۆ ناردوون، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەبووە".
 
ئەو خانمە مۆدێلە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا ویستویەتی کۆتایی بە ناکۆکییەکەی بهێنێت لە سەلماندنی دایک و باوکی کچەکەی دوور لە دادگاکان و ئەوەش هۆکاری مانەوەی کچەکەی بووە بۆ ماوەیەکی زۆر، بەڵام لە کۆتاییدا بۆی دەرکەوتووە کە دەبێت پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری ببات.
 
دایکی کچەکەی نەیمار، وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزەرەکەی هەوڵیداوە پەیوەندی بەو ئەستێرە بەرازیلییەوە بکات، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە وەڵامی پەیوەندییەکانی بداتەوە.
 
دوور لە یاریگاکانی تۆپی پێ، ژیانی تایبەتی نەیمار هەمیشە پڕبووە لە گێژاو، کە ئەو پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ خانماندا هەبووە، هەر لەو کاتەوەی لە بارسێلۆنا یاری دەکرد، و پێشتر پەیوەندی بەچەندین خانمە نمایشکارەکانی جلوبەرگەوە هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە