رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئیتیحادی سعودی گرێبەستی کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسیی واژۆکرد و یاریزانەکە بۆ دوو ساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی ئەو یانەیەوە دەکات.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە دەڵێن "بنزیما بەشێوەیەکی فەرمی لە مەدرید واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی ئیتیحاد کردووە، تەنیا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکەی ماوە."
گرێبەستی کەریم بنزیما لەگەڵ یانە سعودییەکە تاوەکو ساڵی 2025 دەبێت لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵی سێیەم.
بنزیما رۆژی یەکشەممە بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە راگەیێنرا، هەمان شەو یاریزانەکە دوایین یاریی بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە ئەنجامدا، گۆڵێکی بەلێدانی سزا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو تۆمارکرد و دوای 14 ساڵ یارییکردن لە ریزەکانی ئەو یانەیە ماڵئاوایی لە لۆس بلانکۆس کرد.
رۆژی سێشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، کەریم بنزیما ماڵئاوایی لە یانەی ریال مەدرید دەکات، دوای ئەوە بەرەو جەددە بەڕێدەکەوێت بۆ تەواوکردنی کارەکانی پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانە سعودییەکەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، بنزیما رۆژانی داهاتوو بەدرێسی یانەی ئیتیحادەوە دەناسێنرێت و لە یاریگەی جەوهەرە رێوڕەسمێکی گەورەی بۆ ئامادەدەکرێت کە چاوەڕواندەکرێت 70 هەزار هاندەر بۆ پێشوازیکردن لە یاریزانەکە ئامادەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ