ئەو یاریزانە 100 ملیۆن یۆرۆییەی بەهۆی قومارەوە کەس نایەوێت

04-07-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لوکاس پاکێتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکاس پاکێتا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی وێستهام، لەلایەن یانەی فلامینگۆی بەرازیلییەوە داواکراوە.
 
ئەستێرەی پاکێتا لە ساڵی رابردوودا درەوشایەوە و بووە جێگەی بایەخی میدیا جیهانییەکان و یانەی مانچێستەر سیتی لەسەرهێڵ بوو بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی، کە یانەی وێستهام نرخەکەی بە 100 ملیۆن پاوەند خەمڵاندبوو، بەڵام زۆری پێنەچوو رۆژە خۆشەکان کۆتاییان هات و کارە نایاساییەکانی پاکێتا ئاشکرابوون، کاتێک دەرکەوت کە قوماری لەسەر 4 یاریی پرێمەرلیگ کردووە، و ئەوەش دژی یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرایە.
 
کێشەکانی پاکێتا ئاڵۆزتربوون و کار گەیشتە ئەوەی کە ئەگەری راگرتنی لە ئارادابێت، ئەمەش وایکرد یانەی مانچێستەر ستی چاودێریکردنی ئەو یاریزانە رابگرێت و دووربکەوێتەوە لێی.
 
لە هەمانکاتدا پاکێتا ترسی لێنیشتووە لەوەی لە تۆپی پێ رابگیرێت ئەگەر لە وێستهام بمێنێتەوە، بۆیە وا بڕیارە بگەڕێتەوە بەرازیل و پەیوەندی بە ریزەکانی فلامینگۆەوە بکات.
 
یانەی فلامینگۆ دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ وێستهام و لە هەوڵدایە ئەو یاریزانە بۆ وەرزێک بەخواستن بگوازێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی وێستهام رازی نین بەخواستن بیدەن و دەیانەوێت یاریزانەکە بە تەواوی بفرۆشن.
 
پاکێتا دوای ئەوەی زلهێزەکانی ئەوروپا لە رکابەریدا بوون بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی، ئێستا هەمووان دەیانەوێت دوورکەونەوە لێی، ئەمە چیرۆکی یاریزانێکی دیکەیە کە بە قومارکردن و کارە نایاساییەکانی دیکە ئەستێرەیی خۆی کوژاندەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە