ڤیدیۆ؛ گرێبەستی بنزیما بۆ ئیتیحاد تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە

04-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کەریم بنزیما
کەریم بنزیما
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی لەگەڵ کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسی گەیشتووەتە رێککەوتن و بەئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات.
 
میدیای سعودیە دەڵێت "دوو بەرپرسی یانە سعودییەکە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیان بۆ تەواوکردنی کارەکانی گواستنەوەی کەریم بنزیما و بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی چوارشەممە بەفەرمی گرێبەستەکەی رادەگەیێنرێت."
 
یانەی ریال مەدرید بەفەرمی رۆیشتنی کەریم بنزیمای لە یانەکەی راگەیاند، ئەمشەو ئەستێرە فەرەنسییەکە دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامدەدات و ماڵئاوایی لە هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات.
 
رۆژی سێشەممە یانەی ریال مەدرید لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە تێیدا ئامادەدەبێت رێز لەو کاروانە مێژووییە دەگرێت کە بنزیما لەگەڵ ئەو یانەیە هەیبووە.
 
14 ساڵی پڕ یادگاری خۆش و ناخۆش، نووسینەوەی مێژوو و تۆمارکردنی گۆڵ، لەم یاریگە بۆ ئەو یاریگە، لە ئیسپانیاوە بۆ هەموو ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ ئاستی جیهان، لە بردنەوەی نازناوی لالیگاوە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکان، لەوێشەوە بۆ بوون بە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ئێستا کاتی ماڵئاواییە کەریم.
 
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید کاتێک هات گەنجێکی تازە دەرکەوتووی بەڕەچەڵەک جەزائیریی فەرەنسی بوو، ئەو بەخەونی گەورەوە هات و درێسی سپی یانەیەکی پۆشی کە گەورەی ئەوروپایە و هەمووان بە ترسەوە رووبەڕووی دەبنەوە کە دەڕوات ئەستێرەیەکە هەمیشە مەدرید یادی دەکات.
 
کەریم دوای 14 ساڵ یارییکردن بۆ ریال مەدرید و بردنەوەی دەیان نازناوی جیاواز لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵ ئیدی لاپەرەکەی لەگەڵ ریال مەدرید دادەخات و ماڵئاوایی لە مەدریدێستەکان دەکات، ئەو لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا مێژووییەکی پڕ لە سەروەریی نووسییەوە، ئەوانەی لەگەڵ ئەو هاتن و لە دوای ئەویشەوە هاتن رۆیشتن و پشتیان کردە ریال، بەڵام ئەو هەر مایەوە و بووە سەرکردەی یەکەمی یانەکە و وەک کاپتنی یەکەمی تیپەکە دەرکەوت و رۆڵی گەورەی لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگی چواردەیەمی یانەکەدا بینی.
 
ئەستێرەکەی فەرەنسا لە ریال مەدرید ناوێکی دیارە و لای هاندەرانی یانەکە و سەرۆک و کارگێڕیی یانەکەشەوە رێزی زۆری لێدەگیرێت، ئەو چەندین ساڵ لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخرایەوە، لە مۆندیالدا بەربەستی بۆ دروستکرا، بەڵام باوەشی یانەی شاهانە هەمیشە بۆ ئەو ئامادەبوو.
 
بنزیما لە ریال مەدرید نەچووەوە سەر هیچ یاریزانێکی دیکە، ئەو هەمیشە بەبێدەنگی کارەکەی دەکرد، رۆژێک نەبوو گلەیی بکات، رۆژێک نەبوو باسی گرێبەست و مووچە بکات، ئاخر ئەو سەرکردەیەک بوو بۆ هەمووان جێگەی متمانەی تەواو بوو.
 
کەریم وێستگەی داهاتووی دەباتە دەرەوەی ئەوروپا و پەیوەندی بە خولی سعودیەوە دەکات، کە گرێبەستێکی گرانبەهای بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئیتیحادەوە بۆ ئامادەکراوە، ئیدی ئەویش رێگەی رۆناڵدۆ دەگرێت و وەرزی داهاتوو دەکرێت ببنە دوو رکابەر لە خولەکەدا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە