خوان لاپۆرتا کێشەی نێوان بارسا و ریال دەخاتەڕوو

03-09-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و چەند بابەتێکی هەستیاری کردەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و تایبەت بە یانەکەی ورووژاند و روونکردنەوەی گرنگی سەبارەت بە پلانەکانی یانەکەی خستەڕوو.
 
خوان لاپۆرتا لە سەرەتایی قسەکانی رایگەیاند "ئێمە رەخنەی دروستکەر وەردەگرین، بەڵام سەرکۆنەی ئەو رەخنانە دەکەین کە دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە لە یانەکە"
بەردەوام دەبێت و دەڵێت "هەر کاتێک یانەکە چاک دەبێت و دەکەوێتە سەر رێچکەی خۆی، کەیسی نیگرێرا دەگرێتەوە، ئەوان جەنگیان بەرامبەرمان بەرپا کردووە"
 
 سەبارەت بە بازاڕی گواستنەوەکان و کارەکانی دیکۆ رایگەیاند  "زۆر دڵخۆشین بە کارەکانی دیکۆ، ئەو هۆکاری هێنانی هانزی فلیک بوو بۆ یانەکە، کارێکی زۆر باشی کرد، دیکۆ زانیارییەکی زۆرمان پێدەبەخشێت لەسەر تۆپی پێ"
 
بەردەوام دەبێت و دەڵێت "لەگەڵ هاتنی دانی ئۆلمۆ سەلماندمان کە دەتوانین یاریزانی ئاست بەرز بگوازینەوە ریزەکانمان"
 
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان یانەی بارسێلۆنا و یانەی ریال مەدرید و کەیسی نیگڕێرا، لاپۆرتا گوتی "لەگەڵ یانەی ریال مەدرید پەیوەندییەکی خراپمان هەیە، ئەوان بەردەوام کەیسی نیگرێرا دەکەنەوە و دژی ئێمە دەوەستنەوە"
 
لاپۆرتا باسی گرێبەستی نایکی کرد و رایگەیاند "گرێبەستەکەمان لەگەڵ نایک باشترین دەبێت لە هەموو جیهان، دەگەینە یاسای 1/1 لەگەڵی"
 
ئەمڕۆ راگەێندرا کە فێرمین لۆپێز یاریزانی یانەی بارسێلۆنا بە پێکانەوە کەپمی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیای جێهێشتووە، سەبارەت بەوە لاپۆرتا گوتی "ئەمڕۆ بەختمان خراپ بوو بەهۆی پێکانی فێرمین لۆپێزەوە"
بەپێی سەرچاوەکان، ئەو یاریزانە بۆ ماوەی مانگێک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
لاپۆرتا زیاتر دەڵێت "نەماندەویست ئاراوخۆ یان کریستیانسن بفرۆشین، ئێمە یانەیەکین یاریزان دەکڕین و یاریزانە گەورەکانمان نافرۆشین، 60 ملیۆن یۆرۆمان پێویستە بۆ ئەوەی بگەینە یاسای 1/1، بڕوام وایە تا مانگی 10 بتوانین بگەینە ئەو ژمارەیە"
 
ئەمە لە کاتێکدایە یانەی بارسێلۆنا، سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگای بردووەتەوە و 12 خاڵی بەدەستهێناوە، ئەو یانەیە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دێت، لە هەمان کاتدا یانەکە بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ، زۆرترین ژمارەی گۆڵی هەیە لە خولی ئیسپانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە