ریال مەدرید زۆر گەشبینە

03-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دۆخێکی پڕ لە گەشبینی لەنێو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیدا هەیە، سەبارەت بە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە هاوینی داهاتوودا.
 
مشتومڕەکان لەسەر چارەنووسی ئێمباپێ بەردەوامن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان، و ئەگەری گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید.
 
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی، هەڵوێستی کیلیان ئێمباپێ سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید هێشتا بە رێژەی 100% یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام لەنێو ژووری جلگۆڕینی پاریس سانجێرماندا تادێت زیاتر روون دەبێتەوە کە ئەمە دوایین ساڵی ئێمباپێیە لەگەڵیان، ئەوان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە وادەڵێن.
 
کارگێڕیی پاریس نایەوێت پەلە بکات لە بڕیاردانی کۆتایی، لانیکەم تاوەکو کۆتایی وەرزی تیپەکە لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ، هەروەها ئێمباپێ بەڵێنی بە بەرپرسانی دەوحە داوە کە سەرەتا پێیان بڵێت کە چ بڕیارێک دەدات سەبارەت بە داهاتووی خۆی.
 
لە لایەکی دیکەوە ئەمجارەیان گەشبینییەکی بێوێنە لەناو کارگێڕیی ریال مەدریددا هەیە سەبارەت بە گواستنەوەی کیلیان ئیمباپێ.
 
بەڵام کارگێڕیی یانەی شاهانە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر هێرشبەرە فەرەنسییەکە بیەوێت بچێتە مەدرید، دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە پارەکەی ببێت، پەیامەکەش گەیشتووەتە ئەو یاریزانە.
 
ئێمباپێ دەیەوێت ئەمجارە بچێتە ریال مەدرید، چونکە دەزانێت کە ئەوە دوادەرفەتە، هەروەها دەیەوێت خەونی منداڵیی خۆی بەدیبهێنێت.
 
گرێبەستی ئەستێرە فەرەنسییەکە لەگەڵ پاریس لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، یاریزانەکەش لە ئێستاوە ئازادە و دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە حەزی لێیە.
 
لەلای خۆیەوە، فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپۆڕی بەنێوبانگی بواری بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، لەو بارەیەوە، نووسیویەتی "کیلیان ئێمباپێ بەمنزیکانە بڕیاری خۆی دەدات و ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان یەکەم کەس دەبێت بڕیاری کیلیان ئێمباپێ بزانێت".
 
رۆمانۆ، هەروەها دەڵێت "ریال مەدرید بەهەموو توانایەکی هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ بکات".
 
هەروەها رامۆن ئەلڤارێز، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، نووسیویەتی "پلانی ئێمباپێ ئەوەیە کە زۆر بە زوویی پاریس سانجێرمان لە بڕیارە فەرمییەکەی ئاگادار بکاتەوە، کە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو ئەوە رووبدات".
 
رامۆن هەروەها باس لەوە دەکات کە زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئێمباپێ بە پاریس سانجێرمان رابگەینێت کە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە