تێری هێنری: کاتی پێویست بدەنە ئێمباپێ

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تێری هێنرێ، ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسی، بەرگری لە کیلیان ئێمباپێی هاونیشتمانیی کرد و دەڵێ لە یانەیەکی وەک ریال مەدرید، تەنیا گۆڵکردن بەس نییە.
 
ئێمباپێ کە هاوینی ئەمساڵ بێبەرامبەر لە پاریس سانجێرمانەوە روویکردە ریال مەدرید، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە کۆتاییهات، رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، لەبەرئەوەی بەو ئاستەوە دەرنەکەوتووە کە پێشبینی لێدەکرا.
 
هێنری، لەبارەی ئاستی ئێمباپێوە لە ریال مەدرید پرسیاری لێکراوە، ئایا ئەو یاریزانە پێویستی بەوە هەیە توانای زیاتر خەرج بکات تاوەکو هاندەرانی ریال مەدرید رازی بکات؟ لە وەڵامدا دەڵێ، "لە یانەیەکی وەک ریال مەدرید، تەنیا گۆڵکردن بەس نییە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێویستە ئێمباپی مامەڵە لەگەڵ ئەو راستییەدا بکات کە ئەو یاریزانی ریال مەدریدە. ئەوە کارێکی زۆر قورسە، بەڵام ئێستا ئەو بووەتە بەشێک لە تیپەکە و دەبێ خۆی لەگەڵ کەشە نوێیەکەدا بگونجێنێت".
 
هێنری، کە پێشتر بۆ یانەکانی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا یارییکردووە، زیاتر دەڵێ، "ئایا ئەو بەباشترین ئاستی خۆیەوە یاریدەکات وەکئەوەی پێشتر لە سانجێرمان پێشانیدەدا؟ نەخێر ئەو لەو ئاستەدا نییە، بەڵام هێشتا پێویستی بەفێربوون هەیە، دەزانم ئەوە بەلای هەندێکەوە سەیرە، بەڵام ئەو دەبێ فێربێت باشتر یاریی بکات وەک هێرشبەرێکی سەرەڕم، ئەمەش قورسە و پێویستی بەکاتی زیاتر هەیە، بۆیە دەبێ کاتی پێبدرێت".
 
تێری هێنری، هەروەها دەڵێ، "من لێرەدا دەبمە پارێزەری شەیتان، هەمیشە بۆ هەر یاریزانێک کە دەچێتە یانەیەکی نوێ، دەڵێین پێویستە کاتی پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە کە لە یانەیەکی وەک ریال مەدرید ماوەی ئەوە نییە و کاتی زۆر بەیاریزان نادرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە