رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی تۆپی پێدا لە پاپوا نیوگینیا، گرژی و پێکدادان دروستبوو و سەدان کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
گرژییەکان لە یارییەکی ناوخۆیی، لە شاری نزیریکۆری پاپوا نیوگینیا روویاندا. یارییەکە لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانە بۆ سەرکردەیەکی سەربازی وڵاتەکە ئەنجامدراوە، هەردوو یانەی نزیرکۆری و لابێ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، بەڵام یارییەکە بەکارەسات کۆتایی هات.
بەپێی گوتەی پۆلیسی شارەکە، گرژی و پێکدادانەکان ئەو کاتە دەستیان پێکرد، کە هاندەرانی تیپی میوان بە بەرد هێرشیان کردە سەر هاندەرانی خاوەن یاریگە، وەک ناڕەزایی دەربڕین دژی بڕیاری ناوبژیوان بە هەژمارکردنی لێدانی سزا دژی تیپەکەیان، دواتر هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕژێن بڵاوەیان بە هاندەران کردووە.
هاندەرانی هەردوو یانە چوونە یاریگەوەوە و پێکدادان روویدا، شایەتحاڵێک ئەوەی خستەڕوو کە لەناو قوربانییەکان منداڵیش هەن.
لە پێکدادانەکاندا زیاتر لە 100 کەس کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون.
پزیشکێکی نەخۆشخانەی نزیریکۆری بەمیدیاکانی راگەیاند، نەخۆشخانەی شارەکە پڕبووە لە لاشەی قوربانییەکان و شوێن بۆ تەرمی دیکە نەماوە و بەشێک لە قوربانییەکان لە زەوی دانراون.
سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند "هێزەکانمان لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچەیە و یارمەتیی زیاتری نەخۆشخانەکان دەدەین".
پاپوا نیو گینیا، وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای زەریای پاسیفیک، لە کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدێت و دانیشتووانەکەی نزیکەی 11 ملیۆن کەسن، سنووری لەگەڵ وڵاتانی ئوسترالیا و ئیندۆنیزیا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ