رووداو دیجیتاڵ
کارلا گارسیا ئالارکۆن، خانمە ناوبژیوانی ئیسپانی، کە زیاتر لە 24 هەزار فۆڵۆوەرسی لە ئینستاگرام هەیە، دیارترین ئەزموونەکانی وەک ناوبژیوان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی یاریزانان لەگەڵیدا ئاشکرا دەکات. هەروەها دەڵێت "دەزانم چۆن مەمەڵە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر بکەم ئەگەر رووبەڕووی ببمەوە".
لە هەڤپەیڤینێکدا، کارلا باسی لە کاری ناوبژیوانی کرد کە چۆن ژن بوون کاریگەری لەسەر ئەزموونەکەی هەبووە.
کارلا، تەمەن 21 ساڵ، گوتی "ژن بوون لە هەندێک رووەوە رێزی زیاتری پێبەخشیوم". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر گرنگی دۆزینەوەی هاوسەنگی لە تێکۆشان لەپێناو یەکسانیدا کردەوە و گوتی "من کچم و رێز لە بزووتنەوەی فێمینیستەکان دەگرم، بەڵام نابێت زیادەڕۆیی بکەین".
لە هەڤپەیڤینەکەدا پرسیاری لێکرا سەبارەت بەئەگەری مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانێکی وەک ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید لە یاریگادا، بەتایبەتی کە بە دەمارگیرییەکی تووند و زۆر وەرگرتنی کارتی رەنگاوڕەنگ ناسراوە، بەهۆی ئەوەی زوو تووڕە دەبێت لە بەرامبەر یاریزانان و ناوبژیوانان.
ئەو خانمە ناوبژیوانە گەنجە لەو بارەیەوە گوتی "یەکەم شت هەوڵدەدەم قسەی لەگەڵ بکەم. خۆدەرخستن و خۆبەزلزانین یان هاوارکردن هیچ سوودێکی نابێت. ئەگەر چارەسەر نەبێت، دەبێت تووندبم لەگەڵی، یان پەنا بۆ کارتەکان ببەین ئەگەر هاوکاری نەکات. هیچ بژاردەیەکی دیکە نامێنێتەوە".
کارلا گارسیا ئەلکاراز، باسی ئەوە دەکات کە یاریزانان چۆن بێزاری دەکەن و هەوڵدەدەن لێینزیک ببنەوە و پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکەن. ئەو دانی بەوەدانا کە لەلایەن هەندێک یاریزانەوە هەوڵی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دابنێن.
کارلا گوتی "ئەوان سەیری راپۆرتی یارییەکە دەکەن، ناوم دەبینن و لە ئینستاگرام بەدوامدا دەگەڕێن. دوای یارییەکان، لە ئینستاگرام و هەروەها بە نامەی تایبەتیش چەندین یاریزان داوایانلێکردووم فۆڵۆیان بکەم".
ئەو هەندێک لەو پەیامانە بەنموونە دێنیتەوە کە بۆی دەنێرن، وەک 'ناوبژیوانییەکی گەورە، ناوبژیوان'، 'ئەوە کارت نەبوو'، یان 'ناوبژیوان، پرسیارێکم هەیە.. چی لەبارەی ئەم دیمەنەوە؟!..
سەبارەت بە سەیرترین هەوڵی خۆ لێنزیکردنەوەی پەیوەست بە تۆپی پێ کە تاوەکو ئێستا بەرامبەری کراوە، کارلا گوتی "هەندێک هەوڵ و رەفتار بەرامبەرم کراون کە بەڕاستی کۆمیدین. من وێنەی ئەو کۆمێنتە سەیرانەم گرتووە. پێویستە رۆژێک ئەلبوومێکیان لێ دروست بکەم، چونکە هەندێکیان بەڕاستی کۆمیدین. کۆمێنتی کلاسیکی هەیە: 'من کارتێکی زەردت پێدەدەم بۆ ئەو فاوڵەی لەدژی من ئەنجامتداوە." نازانم چیت پێ بڵێم نازانم خراپترینیان کامەیە".
لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو خانمە ناوبژیوانە گەنجە، گوتی "یاریزانێکی گەنج لەسەر کورسی یەدەگ زۆر سەرسام بوو بە من، هاوڕێکانی پێیان گوتم: کارتی سووری پێبدە، ئەو واز لە گاڵتەکردن و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵمدا نەدەهێنا".
سەبارەت بەنهێنی چوونە نێو بواری ناوبژیوانیی تۆپی پێ، کارلا گوتی "بڕیارمدا ببمە ناوبژیوان، چونکە باوکم ناوبژیوان بوو، و پێموایە ئەوە کاریگەری لەسەر من هەبووە".
ئەو زیاتر گوتی "من یاریزانی خلیسکان بووم، لەگەڵ باوکم دەچوومە لیژنەی ناوبژیوانان، کە باوکم بەرپرسی لیژنەکە بوو، هەمیشە پێیدەگوتم کە رۆژێک دەبمە ناوبژیوان، ئیدی تووشی پیکان بووم و بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە بڕیارمدا بچمە ناو جیهانی ناوبژیوانییەوە".
ئەو لە کۆتاییدا گوتی "دەمەوێت خوێندنی زانکۆ تەواو بکەم، هەروەها ببمە ناوبژیوان لە لالیگا، ساڵانە پێشبکەوم، کارەکانم لەگەڵ تۆپی پێ هەماهەنگ بکەم و وردە وردە پێشبکەوم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ