بەرگری ریال مەدرید دوای سێرخیۆ رامۆس چی لێدێت؟

02-03-2020
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن هێژا خەسرەو سێرخیۆ رامۆس
A+ A-

 

هێژا خەسرەو

پرسیار بۆ هەموو هاندەرانی ریال مەدرید ئەوەیە، ئەو یانەیە دوای رامۆس چیدەکات؟ چۆن شوێنی پڕ دەکاتەوە؟ کێ دەهێنێتە شوێنی رامۆس؟

کاتێک رامۆس پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، فێرناندۆ هیێرۆ ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید گوتی، ئەوەی شوێنی من بگرێتەوە تەنیا رامۆسە، دوای تێپەڕینی چەند وەرزێک سێرخیۆ نەک هەر شوێنی هیێرۆی پڕ کردەوە، بەڵکو ئەرکەکەی بە زیادەوە بەجێگەیاند و ئێستاش یەکێکە لە باشترین بەرگریکارانی جیهان و ناوی خۆی بە ئاوی زێڕ لە مێژووی لۆس بلانکۆسدا نووسیوەتەوە.

گومان لەوەدا نییە رامۆس لە های لیڤڵە، بڕبڕە و سەرکردەیە و هۆکاری یەکگرتوویی ریال مەدریدە، هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ هاوڕێکانی ساڵ لە دوای ساڵ، لە ئەگەری هاتنی هەر بەرگریکارێکی نوێشدا ئاستی رامۆس بە جێگیری ماوەتەوە ئەگەرچی لە تاک تاکە یاریدا ئاستی خراپ بێت، بەڵام ئەمە شتێکی ئاساییە و هەموو یاریزانێک لە هەموو یارییەکدا باش نابێت.

با دەست بە نموونەکان بکەین، لە بارسێلۆناوە دەستپێدەکەم، چونکە ئەوان رکابەری مێژوویی ریال مەدریدن، لەبەر ئەوە ئەگەر بە هەر جۆرێک باسی یاریزانێکی ریال مەدرید بکەین، با جیاوازییەکە و بەراوردییەکەش لە بارسێلۆنا بێت.

پێموابێ هاندەرانی بارسێلۆنا دەزانن دوای رۆیشتنی کارلێس پویۆل کە بە دڵی شێر ناسرابوو، چەندە کێشەی بۆ درووستکردن، خەم خەمی بەرگری بلاوگرانایە، لە دوای پویۆل بەرگریکارێک نەبووە، دەستی سێ بەرگریکارەکەی دیکە بگرێت و ببنە سەرتیپی یانەکەیان و وەک پۆڵابن لەبەردەمی گۆڵپارێزەکەیان.

با بچینە خولی ئینگلیزی، لە مانچێستەر یونایتد ریۆ فێردیناند و نیمانیا ڤیدیچتان بیرماوە؟، دەزانن ئەوان چۆن یارییان دەکرد؟، دەزانن بەرگری مانچێستەر چەندە بەهێز بوو، جگە لەمەش خۆ هێرشبەر نەیدەوێرا توخنی ئەمانە بکەوێت، بەجۆرێک نازناوی فێردیناندیان کردبووە تیمساح، ئەی ئێستا کێ بەرگریکاری مانچێستەرە؟ حاڵی بەرگری یانەکە چۆنە؟!

لە چێڵسیش جۆن تێری سەرکردایەتی یانەکەی گرتبووە دەست، تاوەکو ئەو مابوو چێڵسی لە هەموو شتێکدا باڵادەستبوو بە بەرگرییەکی زۆر بەهێزەوە، ئاستێکی نەگۆڕ لەگەڵ بلوز، هەمیشە باشترین بەرگری جیهان لای چێڵسی بوو بەسەرکردایەتی جۆن تێری، ئەوەی ئێستاش یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت لە بەرگریدا مایەی شەرمەزارییە.

لە ئەیسی میلاندا ئەگەر باسی بەرگریکارانی پێشوو، ماڵدینی، نێستا و ستام بکەم، هەر بەڕاستی نازانم چییان بۆ بنووسم، لەبەرامبەر بەرگریکارانی ئێستا یانەکە، ئاخر تاوانە سێ باشترین بەرگریکاری جیهان بە لاکسلات، رۆمانیۆلی و مۆساکیۆ بەراورد بکەم.

ئەگەر سەرێک لە خولی ئەڵمانیاش بدەین و باسی بایرن میونشن بکەین، تاوەکو لۆسیۆ، دیمیکلیس و سانیۆل مابوون، یانە باڤارییەکە یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهان بوو، کە بەهۆی بەرگریکارانییەوە هەمیشە بردنەوە لەو یانەیە قورسترین شت بووە بۆ یانەی رکابەر، بەرگریکارانی ئێستای یانەکەش نە هیچییان داهاتوویان هەیە، نە هیچیان هی ئەوەن لە یارییە گەورەکاندا پشتیان پێ ببەسترێت.

ئەمانە نموونەی کەم و رابردوویەکی زیندوون، ئێستاش ئەگەر هەیە هەمان شت بەرامبەر ریال مەدرید دووبارە ببێتەوە، لە ئەگەری رۆیشتن و لەدەستدانی سێرخیۆ، ریال مەدرید دەکەوێتە هەمان حاڵەتی ئەو یانانە، یانیش زوو خۆی دەرباز دەکات و ئەمجارەش وەکو رابردوو بەرگریکارێک دەهێنێتە یانەکەی و دەبێتە سێرخیۆ رامۆسی نوێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە